ئامارى پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران له‌ ساڵی 2022 بڵاوكرایه‌وه‌

ناره‌زایه‌تییه‌كان له‌ ئێران
ناره‌زایه‌تییه‌كان له‌ ئێران

K24 – هه‌ولێر:

کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، راپۆرتی ساڵانەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لەو وڵاته‌ بۆ ساڵی 2022 بڵاوکردەوە. له‌ راپۆرتەکەدا پوختەی زانیارییه‌كانی تایبه‌ت به‌ دۆخی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکان لە ئێران له‌ ساڵی رابردوو روونكراوه‌ته‌وه‌.

کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، له‌ راپۆرته‌كه‌یدا پشتی بە 13 هه‌زار و 342 راپۆرتی تایبەت بە دۆخی مافی مرۆڤ بەستووە کە له‌ 267 سەرچاوەوە بە دەستی گەیشتووە و 55%ـی سەرچاوانەكان راستەوخۆ سەر بە کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤ بوون، هه‌روه‌ها 13٪ـی سه‌رچاوه‌كانیش نزیک لە حکوومەت بوون و 32٪ـش له‌ رێکخراوەکانی دیکەی مافی مرۆڤ وه‌رگیراون.

بە گوێرەی راپۆرتەكه‌، لە ماوەی ساڵی رابردوودا لە پرسی پەیوەندیدار به‌ پێکهاتە نەتەوەییەکانی ئێران 205 راپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاوبووەتەوە، كه‌ 225 کەس دەستبەسەرکراون، 12 کەس سزای زیندانیكردنیان به‌سه‌ر سه‌پێندراوه‌، سێ کەس سزای داراییان بەسەردا سەپاوە و 68 کەسیش بانگکراون و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

لە دۆسیه‌ی پێکهاتە ئایینییەکاندا، 199 راپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاوبووەتەوە، كه‌ 140 کەس دەستبەسەرکراون، 79 کەس سزای زیندانیكردنیان به‌سه‌ر سه‌پێندراوه‌، 23 کەس سزای داراییان بەسەردا سەپاوە، هه‌روه‌ها کەسێکیش بە لێدانی قەمچی سزادراوە و 10 کەسیش لە مافە کۆمەڵایەتییەکان بێبەشکراون.

لە دۆسییه‌ی ئازادیی بیرکردنەوە و رادەربڕیندا، شه‌ش هه‌زار و 311 راپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاوبووەتەوە،  كه‌ 22 هه‌زار و 655 كه‌س دەستبەسەرکراون. 711 کەس سزای زیندان و 62 کەس سزای داراییان بەسەردا سەپاوە و 35 کەسیش بە لێدانی قەمچی سزا دراوە. 37 کەسیش لە مافە کۆمەڵایەتییەکان بێبەش کراون.

لە دۆسییه‌ی رێکخراوە پیشەییەکان، دوو هه‌زار و 71 راپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵابووەتەوە كه‌ 309 کەس دەستبەسەرکراون، 25 کەس سزای زیندانییان بەسەردا سەپاوە و کەسێکیش بە لێدانی قەمچی سزادراوە.

لە دۆسیه‌ی لەسێدارەدانی هاووڵاتییانیشدا، 457 راپۆرتی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ بڵاوبووەتەوە له‌ ساڵی 2022، كه‌ 92 کەس سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و 565 کەسیش لە سێدارەدراون کە به‌ رێژه‌ی 88٪ حاڵه‌تی له‌ سێداره‌دان لە چاو ساڵی پێشووتر زیادیكردووه‌، لەنێو لە سێدارەدراوانیشدا 11 کەسیان ئافرەت و پێنج کەسیشیان منداڵ بوون.