جیهان چاوه‌ڕێی گه‌نمی ئۆكرانیایه‌

K24 – هه‌ولێر:

شەڕی رووسیا و ئۆکرانیا لە سەرەتای ساڵی 2022ـەوە بووەتە پرسێكی گرنگی جیهان، بەتایبەتی وەستانی هەناردەکردنی دانەوێڵەی ئۆکرانیا بۆ ماوەیەک بووە هۆی قەیرانی دانەوێڵە و لە ئەنجامدا بە ریککەوتنی رووسیا و ئۆکرانیا بە چاودێری تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان رێککەوتنێک واژوو كرا.

بە گوێره‌ی میدیای فەرمی تورکیا، تا ئێستا لەرێگەی 585 کەشتییەوە زیاتر لە 15 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی ئۆكرانیا  لە بەندەرەکانی ئەو وڵاتە گواستراوەتەوە بۆ بازاڕه‌كانی جیهان.

لە (22ی تەمموز/ یۆلیۆی 2022) بە چاودێری تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئیستانبوڵ رێککەوتننامەیەکی گشتگیری گواستنەوەی دانەویڵە واژووکرا و بەو شێوەیەش پرۆسەی گواستنەوە دەستیپێکرد.

ئێستا پڕۆسەکە لە دیوی ئۆکرانیا لە سێ بەندەر بەردەوامە کە ئەوانیش بەندەرەکانی یۆژنی، ئۆدێسا و چێرنۆمۆرسک ـە.

بەو پێیەش یەکەم کەشتی لە بەندەری ئۆدێساـی ئۆکرانیا  (1ـی ئاب/ ئۆگێستی 2022) دەستیپێکرد و تا رۆژی (25ـی کانوونی یەکەم/ دیسه‌مبه‌ری 2022) لەڕێگەی 585 کەشتییەوە 15 ملیۆن تەن دانەوێڵە گواستراوەتەوە بۆ بازاڕه‌كانی جیهان.

هاوکات گواستنەوەکە لەسەدا 44ـی بۆ ئەورووپا، لەسەدا 29ـی بۆ ئاسیا، لەسەدا 15ـی بۆ تورکیا و لەسەدا 12ـی بۆ ئەفریقا بووە.

دانەوێڵەکان لە 13 جۆر پێکهاتوون کە بریتین لە؛ جۆ، گەنم، سۆیا، گوڵەبەرۆژە، کەپەگی گەنم، بەزالیا، توێکڵی گوڵەبەرۆژە، خۆراکی تێکەڵەی بەکارهاتوو، شەکری چەوەندەر، زه‌یتی گوڵەبەڕۆژە، توێکڵی کانۆلا، گەنمەشامی و رۆنی سۆیا.

لە پرۆسەی گواستنەوەی دانەوێڵەدا ئیسپانیا زۆرترین بڕی بۆ گواستراوەتەوە کە 2.9 ملیۆن تەنە. هاوکات تورکیا و چین لە پلەی دووەم دێن کە هەر یەکێکیان 2.2 ملیۆن تەن دانەوێڵەیان بۆ گواستراوەتەوە.

ئێستا هەوڵە دیبلۆماسییەکان لەلایەن تورکیاوە چڕ کراوەتەوە بۆ راگەیاندنی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لە پێناو وەستاندنی شەڕ، بەپێی ئامارەکان، بەهۆی شەڕەوە حەوت هەزار کەس گیانی لەدەستداوە و زیاتر لە 10 هەزار کەسی دیکەش برینداربوونە.