دەوڵەمەندەکانی رووسیا رۆژانە 330 ملیۆن دۆلار زەرەرمەندبوونە

لە سەرەتای جەنگەوە 95 ملیار دۆلاریان لەدەستداوە
ئاڵای رووسیا
ئاڵای رووسیا

K24 - هه‌ولێر:

دەوڵەمەندترین بازرگانەکانی رووسیا لەماوه‌ی ساڵی 2022ـدا نزیکەی 95 ملیار دۆلاریان لەدەستداوه‌.

بەپێی هەواڵیکی رۆژنامەی گاردیانی بەریتانی، دەوڵەمەندترین بازرگانەکانی ڕووسیا کە نزیکن لە ڤلادیمێر پوتنی سەرۆکی رووسیا لە ساڵی 2022دا نزیکەی 95 ملیار دۆلاریان لەدەستداوە، واتا رۆژانه‌ 330 ملیۆن دۆلار زیانیان هەبووە.

رۆژنامه‌كه‌ هۆكاره‌كه‌ بۆ ئەو سزا توندانەی وڵاته‌ رۆژئاوایییه‌كان کە بەسەر ڕووسیادا سەپاندوویانە لە دوای شەڕی ئۆکرانیا گه‌ڕاندووه‌ته‌وه‌.

رۆژنامه‌كه‌ ئاماژه‌شی به‌وه‌كردووه‌، رۆمان ئەبرامۆڤیچ، خاوەنی پێشووی یانەی چێڵسی ئینگلیزی، كه‌ به‌ كه‌سێكی نزیك له‌ سه‌رۆكی رووسیا داده‌نرێت، له‌ماوه‌ی ساڵی 2022ـدا گەورەترین زیانی هەبووه‌، بەو پێیەی سامانەکەی بە ڕێژەی 57% کەمبووەتەوە و بووه‌ته‌ 7.8 ملیار دۆلار.

هەروەها سەروەت و سامانی جینادی تیم چێنکۆ، وەبەرهێنەری وزە و ملیاردێر و دۆستی نزیکی پوتن، بەڕێژەی 48% دابەزیوە و گەیشتووەتە 11.8 ملیار دۆلار، هەروەها سلێمان کەریمۆڤ هاوپەیمانی سەرۆکی ڕووسیا، 41%ی سامانەکەی لەدەستداوە و کۆی سامانەکەی بۆ 9 ملیار دۆلار دابەزیوە .