جوتیار عادل: ئامادەین هەر كاتێك پێویست بکات سەردانی بەغدا بكەین

جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان | وێنه‌: فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
جوتیار عادل، گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان | وێنه‌: فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری

K24 - هه‌ولێر:

گوته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ئامادەن هەر كاتێك پێویست بکات سەردانی بەغدا بكەن و چاوەڕێی ئەوەن كاتێك دابنرێت بۆ ئەوەی له‌گه‌ڵ به‌غدا كۆببنەوە و گفتوگۆ لەسەر بابەتە گرنگه‌كان بكەن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (2ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، جوتیار عادل،  گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی راگەیاند: "کابینەی نۆیەم هەر لە سەرەتای دەستبەکاربوونییەوە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی عێراق بەردەوامە و شاندەکانی هەرێم چەندین جار سەردانی بەغدایان کردووە و چەندین لیژنە بۆ كۆمەڵێك بابەتی وەك پڕۆژەیاسای بودجەی 2023ی عێراق و دۆسییەی نەوت و چاودێری دارایی پێکهێنراون و هەماهەنگی لەنێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵدا هەیە."

گوتیشی: "دوایین سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا پێش سەری ساڵی نوێ بووە و ئێستاش ئامادەین هەر كاتێك پێویست بکات سەردانی بەغدا بكەین و چاوەڕێی ئەوەین كاتێك دابنرێت بۆ ئەوەی پێكەوە كۆببینەوە و گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە گرنگانە بكەین كە ئاماژەم پێدان، لەگەڵ كۆمەڵێك بابەتی تر كە پەیوەستن بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و بابەتی پێشمەرگە. بۆیە ئێمە وەك حكومەت ئامادەین هەر کاتێک دیاری کرا سەردانی بەغدا بكەین."