بەشێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بەهای 100 دراوی ئەلیکترۆنی بەرزبووەوە

لە ماوەیەکی کورتدا قەبارەی بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان 20 ملیار دۆلار بەرزبووەوە.

K24 - هه‌ولێر:

لە ماوەیەکی کورتدا قەبارەی بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان 20 ملیار دۆلار بەرزبووەوە.

لە مامەڵەکانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (2ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، بەهای دراوە ئەلیکترۆنییەکان بە شێوەیەکی گشتی و بەهای 100 دانەیان بە شێوەیەکی تایبەتی بەرزبووەوە، بەمەش قەبارەی بەهای بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان 20 ملیار دۆلار زیادیکرد.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە مامەڵەکانی دوێنێ یەکشەممەدا، بەهای دراوە ئەلیکترۆنییەکان بەشێوەیەکی گشتی دابەزین. بەجۆرێک بەهای بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان بۆ نزیکەی 790 ملیار دۆلار دابەزی، کە کەمترین ئاستییەتی لە دوای مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی 2021ـەوە.

جێگەی ئاماژەی هەردوو بۆرسەی لەندەن و نیویۆرک بەبۆنەی پشووەکانی سەری ساڵی نوێ داخراون و سبەی سێشەممە دەست بە کارەکانیان دەکەنەوە.

هاوکات قەبارەی بازاڕی دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە دوای ساڵی 2021ـەوە 2.4 ترلیۆن دۆلاری لە دەستداوە کە ئەوکات گەیشتبووە ترۆپکی، هەروەها لە بە درێژایی ساڵی 2022ـش بازاڕەکە 1.43 ترلیۆن دۆلاری تاوەکو دوێنێ لە دەستداوە.