مۆرینیۆ باشترین یاریزانی مێژوو دیاریی دهكات
ڕاهێنەری پۆرتوگالی پێشووی یانەكانی ڕیال مەدرید، چێڵسی و مانچێستهر یونایتد مشتومڕی باشترین یاریزانی مێژوو یهكلایی دهكاتهوه، پێیوایه هیچ كامێك له مێسی و كریستیانۆ باشترینی مێژوو نین.
خۆزێ مۆرینیۆ ڕاهێنەری ئێستای یانهی ڕۆمای ئیتاڵیا دووپاتی کردەوە کە باشترین ململانێی مێژوو لە نێوان لیۆنێل مێسی و کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ له ماوهی 15 ساڵی رابردوو بووه، بهڵام كهسێكی دیكه ههیه كه باشترینی مێژووه.
خۆزێ مۆرینیۆ لە لێدوانێکدا کە له ڕۆژنامەی دەیلی میرەری بەریتانی بڵاویکردووەتەوە ڕایگەیاندووە، لای من باشترینی مێژوو رۆناڵدۆی دیاردهیه، مێسی و ڕۆناڵدۆ ماوەی ١٥ ساڵە لە لوتکەدان و ژیانی تۆپی پێیان له هی رۆناڵدۆی بهرازیل درێژترە، بهڵام توانا و بههرهیان ناگاته رۆناڵدۆی دیارده.
مۆرینیۆ ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەگەر تەنها باسی لێهاتوویی بكرێت، کەس لە رۆناڵدۆ نازاریۆ تێناپەڕێت، کاتێک لەگەڵ بۆبی ڕۆبسۆن لە بارسێلۆنا بوو، بۆم دەرکەوت کە باشترین یاریزانە کە لە یاریگادا بینیومە.
لە درێژەی قسەکانیدا مۆرینیۆ گوتی: پێکانەکان ژیانی وەرزشی رۆناڵدۆیان تێکدا، دەکرا باشتر بێت، بەڵام ئەو لێهاتوویی و بەهرەیەی لە تەمەنی 19 ساڵیدا هەیبوو سەرسوڕهێنەر بوو.
ئهم قسانهی مۆرینیۆ له كاتێكدایه، ململانێی باشترینەکانی مێژوو نوێ بووەوە و لیۆنێل مێسی مانگی ڕابردوو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئارجێنتینا نازناوی جامی جیهانی بردەوە.