پێکەوە ژیانی موسوڵمان و کریستیان

Kurd24

 دوو هۆکار لەپشت ناونیشانی ئەم بابەتەوەیە سەبارەت بە ناوهێنانی تایبەتی موسوڵمان و کریستییان ئەگەرچی دیدەکە گشتییەو کۆی خاوەن ئایین و فکرەکانیتر دەگرێتەوە و کوردستان تەنها موسوڵمان و کریستیان نیە، یەکەمییان کۆمەڵگەی کوردستان موسوڵمانە و دوەمیشیان، دوەمین ئایین لە کوردستاندا مەسیحییەو شوێنگەی مێژویی جیهانیی شوێنکەوتوانی خاچە.  

پێکەوەژیان ئەگەرچی حاڵەتێکی کۆمەڵایەتییە، بەڵام لەبەرئەوەی کە هەموو هەڵسوکەوت و هەڵوێستێک دیدو بۆچونێکی لەپشتەوەیە، وە بەهۆی جەنگ و ئاڵۆزییەکان لە ئاستی جیهاندا، بووە بە چەمکێکی فکری و چوارچێوەی تایبەتی خۆیی هەیە.

1- پێکەوە ژیان لەسەر بنەمای "جیاوازیی" ڕادەوەستێت، واتە کاراکتەرەکان، هەڵگرانی ئاینە ئاسمانی و دانراوەکانی دەستی ئادەمیزاد، بەگشت جیاوازییەکانیانەوە یەکتر قبوڵ دەکەن و لەگەڵ یەکتر پێکەوە لەیەک کۆمەڵگادا دەژین، بەواتای ئەوەی دەبێت جیاوازبن و خاڵە جیاوازەکانییان وەک خۆی بمێنێتەوە و پارێزگاری لێ بکرێت، نەک لەژێر ناونیشانی پێکەوەژیاندا هەوڵی هەڵگرتن و نەهێشتنی جیاوازییەکانی نێوان پێکهاتەکان بدرێت، لەو کاتەدا کەهەموو بوون بەیەک ڕەنگ هیچ واتایەک بۆ پێکەوەژیانی خاوەن ئایدیا جیاوازەکان نامێنێت.

پێکەوەژیانی جیاوازەکانیش بەرهەمێکە لەبەرهەمەکانی فرەیی، فرەیی ئاینی، فرەیی فکری و ڕۆشنبیری، فرەیی سیاسی، نەتەوەیی، شارستانی، ڕەنگ و نەژاد، کاتێک کە تەماشای لاپەڕەکانی پەرتوکی جیهانی مرۆڤایەتی دەکەیت، ملیۆنان ئایین و فکرو نەژاد دەبینیت کە تەنها لە دروستبوندا لەیەک دەچن، ئەمە وات لێ دەکات کە ئەم فرە جۆرییە بە بنچینەیەک لە بنچینەکانی ژیان بزانیت. ژیانێکی ئاشت، سەقامگیرو دور لەشەڕ و شۆڕ و ئاژاوە نانەوە، چونکە "ئاشتی" سروشتی نەگۆڕاوی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵگاکانە، هەموو دەبێت ئاشتی خوازبن.

ئەم بنەمایانەی ژیانیش پێویستییان بە بنەمایەکیترە، ئەویش بنەمای ئازادییە، ئازادی ئایین و فکرو هەڵسوکەوت، بەڕەچاوکردن و پابەند بوون بە ڕەوشتەکان و ڕەهەندەکانی یەکسانی و پاراستنی ئازادی ئەوانیتر، بۆیەشە ئازادیی ناموسوڵمان بەشێک لە ئازادیی موسوڵمان لە کۆمەڵگادا، بەواتای ئەوەی کە خاوەن ئایینەکایتر لەسەرجەم ئایینداری خۆیاندا هیچ جۆرە فشارێکیان لەسەر نەبێت، لەوەش زیاتر ئەرکی کۆمەڵگایە بە حوکمی "ئایین" کە هەروەک چۆن مزگەوتەکان دەپارێزن پەرستگاکانی خاوەن ئایینەکایتریش بپارێزن ، دەقە قورئانییەکان وا دەڵێن کە: هەرکەس ویستی شوێنی پەرستشی خاوەن ئایینەکان بڕوخێنێ و تێکییان بدات، ئەوە ئەبێت بەهەر هۆکارێک بێت ڕێگای لێ بگیرێت، ئەگەر نا لابدرێت و دەسەڵاتی لێ بسەنرێتەوە [ سورەتی حەج: 40 ].

2- ئەگەر سەرەتاترین واتاکانی پێکەوەژیان نەبونی فشار و ناڕەحەت نەکردن و دور لە سوکایەتی بێت، بەڵام تەنها لەو وێستگە سەرەتاییەدا ناوەستێت، ئەگەر لەو ئاستەدا وەستا ئەوە وەک تاکتیک و فێڵ و خۆتاودان وایە، بەڵام  چەمکی پێکەوەژیان تاکتتیک نیە و پلانی  فێڵاوی و خۆئامادەکردن نیە بۆ جەنگ لە گونجاوترین هەلی رەخساودا، بەڵکو بنچینەیەکی نەگۆڕی بونیادی کۆمەڵگایەکی ئاسایی و ئاشت و تەندروستە، دۆستایەتی و خۆشەویستی نێوان هەڵگرانی ئایین و فکرە جیاوازەکانە، بینینی ڕەوشتی بەرزو مرۆڤدۆستییە، چۆن ؟

یەکەم:-

 کۆمەڵگا لە ئەندامانی پێکدێت، تاکەکانیش پێکەوە بەهەمویانەوە نازناوی گەلیان لێ دەنرێت، بە خۆ دورگرتن لەیەکتر نازناوی یەک گەل و نیشتمان ون دەکەن، دورەپەرێزییش لەگەڵ دەرونی مرۆڤی ئاساییدا ناگونجێت، لە لایەکیترەوە پەرژەوەندییە کەسییەکان چ جای بەرژەوەندییە باڵاکانی نیشتمان هیچ کەس بە تەنها خۆی توانای بەدیهێنانیانی نییە، کاری کۆمەڵییانەی پێویستە، کاری کۆمەڵییش بە کۆمەڵگایەکی شێوە زۆرەملێیی ئەنجام نادرێت، تاکەکانی کۆمەڵگا پێویستیان بە دۆستایەتی و یەکتر خۆشویستنە، پاشان مرۆڤ مامەڵە لەگەڵ هەڵسوکەوت دەکات نەک بیروباوەڕ، ئەو کەسەی هاوکارتە گرنگ ڕەوشتی هاوڕێیەتی و هاونیشتمانیەتی لەژیانی ڕۆژانەدا، نەک خاوەن چ بیرو ئاینکێکە، دەی هەروەک هەموو ڕەوشتەکانی موسوڵمان موسوڵمانانە نییە، ڕەوشت و خەسڵەتەکانی ئەوانیتریش هەمووی دژە ئایین و بێ باوەڕ نییە وەک بیرمەندی دانا "سەعید نورسی" دەڵێت. بۆیە پێکەوە کارکردن لەگەڵ سەرجەم جیاوازەکادا پێویستیی ژیانێکی واتادار و بونیادنانی شارستانییە، ئەمەش بە بێ ئاشتیی دڵەکان و دڵسۆزییان بۆ یەکتر مەحاڵە.

دوەم:-

بۆ زیاتر تێکەڵ بوون لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵگادا ئایینی ئیسلام هەروەک چۆن دەڵێت بە موسوڵمان کە ئافرەتی موسوڵمانی خاوەن ڕەوشت بخوازە، لەهەمان ئایەتدا هانی خواستنی  ئافرەتی  ڕەوشتداری خاوەن ئاینەکانیتریش دەدات،[ سورەتی مائیدە: 5]، ڕونیشە کە کەسێک خێزانێکی ئاین و فکر جیاوازی هەبێت خۆشی دەوێت بێ بیرکردنەوە لە جیاوازیی ئاین، هەروەها لەگەڵ باوک و دایک و برا و خوشک و کەسی نزیکیدا دۆستایەتی دەکات، ئەمە هەنگاوی تێکەڵ بونی خوێنی هەڵگرانی ئایینە جیاوازەکانە لە یەک کۆمەڵگادا، لەخۆشیدا واتای ئەوە دەگەیەنێت کە پێکهێنان و پاراستنی کۆمەڵگایەکی ئاشت و ئاشتیخواز مەرامێکە لە مەرامەکانی ئیسلام و ئەرکی تاکی موسوڵمانە بەو ئاراستەیە کاربکات .

سێیەم:- بێگومان کە هەڵگری هەر دیدێک عەوداڵی بڵاوکردنەوە و زیادبونی شوێکەوتوانییەتی، تاکە رێگایەک بۆ ئەو ئامانجە تەنهاو تەنها بریتییە لە قایلکردن بە وتووێژ و سەلماندنی دید و ڕای خودە بە بەڵگە هێنانەوە، زۆرکردن کۆمەڵگایەکی دو ڕوو دروستدەکات.

کەواتە:-

- ئەو کردارانەی داعش لەژێر پەردەی ئیسلامدا لە ساڵانی رابوردوو تا ئێستاش نەک لەگەڵ بنەماکانی ئیسلامدا ناسازێت، بگرە دژە بە سەرجەم پرەنسیپە ئاینییە پەیوەندیدارەکان، وێنایەکی نامرۆڤانە و تاڵی  ژیانیشە.

- بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی ئاشتی تەندروست، دەبێت ئاینەکان وەک خۆیان بپارێزرێن و رێزیان لێ بگیرێت، نەک هەوڵی نەهێشتن یان تواندنەوە و کاڵکردنیان بدرێت، چ جای سوکایەتی پێکردن. هەوڵی وێناکردنێکی ناشرین و دزێوی ئاین لەژێر تابلۆی پێکەوەژیاندا بەمەبەستی دژە ئاینیی شاراوە، رووی تەواوکەری مومارەسەی داعشە، چونکە "رادیکالی ئاینیی و رادیکالی لائیکی" ئاشتی نێو کۆمەڵگا ئەشێوێنن.

- ئەو تێگەیشتنەی ئایینەکان و پەیوەندی نێوان شوێنکەوتوانی ئایینەکان یان جیاوازی مەزهەبی لە یەک ئایندا بەو چەشنەی لە کوردوستاندا هەیە ، لە زۆرینەی زۆری هەڵگرانیدا میانڕەو و ئاشتیخوازە، دەردەسەریی ناوچەکانیتری عێراق کە داتەپینی دەوڵەت و تێکدانی پەیوەندی نێوان پێکهاتەکانی لێکەوتەوە، کوردستان لێی پارێزراوە، ئەوەش وریایی لە پاراستن و دەستپێوەگرتنی ئەو تێگەیشتن و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە دەخوازێت.