راگەیه‌ندراوێک لە پارێزگارى هەولێرەوە

ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر
ئومێد خۆشناو پارێزگاری ھەولێر

K24 - هه‌ولێر:

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سەرى ساڵى نوێ بەبێ بوونى هیچ کێشەیەک بەڕێکرا.

هه‌روه‌ها سوپاسی هێزەکانى (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی  فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان)یشی كرد، بۆ بە جێگەیاندنی ئەرکەکانیان.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

دەستخۆشی لە قائیمقامیەت و یەکە کارگێڕییەکانى سنوورى پارێزگاکەمان و هێزەکانى (پۆلیس، ئاسایش، زێرەڤانى، پۆلیسی  فریاکەوتن، چالاکییە مەدەنییەکان، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی و تیمە تەندروستییەکان) دەکەین، بۆ بە جێگەیاندنی ئەرکەکانیان لە پاراستنى تەواوى شوێنە گشتییەکان و ئەو جێگایانەی كە هاووڵاتییانى شارەکەمان و ژمارەیەکی زۆری میوانان و گەشتیاران بۆ بە سەربردنی دواساتەکانی شەوى سەرى ساڵ ڕوویانلێکردبوو.

هەروەها دەستخۆشی لە ئاسایشی بازگەکان و تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى گەشتوگوزارى هەولێر دەکەین، کە لە ئامادەباشى تەواودابوون بۆ خزمەتکردنى گەشتیاران و میوانان و هاووڵاتییان، هەروەها تیمەکانی شارەوانى و  فەرمانگەی ژینگەپارێزی، کە لە رۆژى دواى سەرى ساڵ سەرەڕایی پشووى فەرمانگەکانیان، تەواوی ئەو شوێن و جێگە گشتیانەی شاریان پاککردەوە، کە بەهۆی پاشماوە و زبڵ و خاشاکی شەوی سەرى ساڵ پیسببوون، دەستان خۆشبێت.

لە کۆتاییدا سوپاس بۆ میوانان و گەشتیارانى  ناوەڕاست و خوارووى عێراق و وڵاتانى دیكه‌ و هاونیشتیمانیان و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان، کە هاوکار و هەماهەنگ بوون و سەرى ساڵى نوێ بەبێ بوونى هیچ کێشەیەکى ئەوتۆ کە شایەنى باسکردن بێت، بەوپەڕى ئارامى و لەکەشێکى پڕ لە خۆشى بۆ هەموو لایەک ئەو یادە بەڕێکرا.

ئومێد خۆشناو

پارێزگاری هه‌ولێر

2023.1.2