دیاربه‌كر.. دوو پۆلیس به‌تۆمه‌تی هێرشكردنه سه‌ر هاووڵاتییه‌كی كورد دوورده‌خرێنه‌وه
K24 - هه‌ولێر:
له پارێزگای دیاربه‌كری باكووری كوردستان دوو پۆلیس به‌تۆمه‌تی هێرشكردنه سه‌ر هاووڵاتییه‌كی كورد له كاره‌كانیان دوورخرانه‌وه. گه‌نجه كورده‌كه‌ش، دوای 14 رۆژ مانه‌وه له‌نێو زینداندا ئازادكرا.
دوای ئه‌وه‌ی له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا گرته ڤیدیۆیه‌ك له‌نێو تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا بڵاوبووه كه تێیدا دوو پۆلیس له شاری "ره‌زانێ"ـی سه‌ر به پارێزگای دیاربه‌كر له باكووری كوردستان هێرشده‌كه‌نه سه‌ر هاووڵاتییه‌كی كورد و لێی ده‌ده‌ن، هه‌ردوو پۆلیسه‌كه له كاره‌كه‌یان دوورخرانه‌وه.
له‌باره‌ی رووداوه‌كه و دوورخرانه‌وه‌ی هه‌ردوو پۆلیسه‌كه، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پارێزگای دیاربه‌كر له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، رووداوه‌كه رۆژی چوارشه‌ممه 14ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022 روویداوه كاتێك هه‌ردوو پۆلیسه‌كه چه‌قۆیه‌كیان له‌ناو گیرفانی ئه‌و گه‌نجه كورده‌دا دۆزیوه‌ته‌وه و له‌كاتی لێكۆڵینه‌وه‌كاندا گه‌نجه كورده‌كه ره‌تیكردووه‌ته‌وه چه‌قۆكه راده‌ستی پۆلیس بكات بۆیه گرژی و ئاڵۆزیی له‌نێوانیاندا دروستبووه.
له‌لایه‌كی تره‌وه، له‌باره‌ی چۆنییه‌تی روودانی رووداوه‌كه، ئه‌و گه‌نجه كورده به میدیاكانی توركیای راگه‌یاند، كاتێك ویستوویه‌تی بچێته نوێژی خه‌وتنان (عه‌یشا)، هه‌ردوو پۆلیسه‌كه رێگریان لێگرتووه و داوای ناسنمه‌یان لێكردووه، ئه‌و ناسنامه‌كه‌ی پێداون، به‌ڵام زۆریان پێچوو تا ناسنامه‌كه‌یان پێداوه‌ته‌وه و ئه‌ویش داوای كردبوو زوو لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ته‌واوبكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی له نوێژه‌كه دوا نه‌كه‌وێت، دواتریش گرژی و ئاڵۆزی له‌نێوانیاندا دروستبووه.
گه‌نجه‌كه دوای ئه‌وه‌ی بۆ ماوه‌ی 14 رۆژ له زیندادا مایه‌وه، سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ئازادكرا و هه‌ردوو پۆلیسه‌كه له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی دیاربه‌كره‌وه له كاره‌كانیان دوورخرانه‌وه.