وەزارەتی شارەوانی: ساڵی رابروو بە بەهای 29 ملیار دینار پرۆژە لە هەولێر جێبەجێ کراوە

"پرۆژەکان لەسەر بودجەی 15٪ی شارەوانییەکان تەواوکراون"

K24 - هەولێر:

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، ساڵی رابردوو (2022) لە پارێزگای هەولێر بە بەهای 29 ملیار دینار پرۆژە جێبەجێ کراوە، کە خەرجییەکانیان لەسەر بودجەی 15٪ی داهاتی شارەوانی بووە.

ئەمڕۆ سێشەممە (3ی کانوونی دووەمی 2022) وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "لەسەر بودجەی 15٪ی  داهاتی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر 40 پڕۆژە و لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگەی هەولێر 37 پڕۆژە، ئەو پرۆژانە لە سنووری هەر شەش بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێكراون، لەسەر بودجەی 100٪ی شارەوانی و تەمویلی دارایی 3 پڕۆژە و لەسەر پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەکانیش 11 پڕۆژە، جێبەجێ کراون".

ئاماژە بەوەشدراوە، کە پڕۆژەی ستراتیژیی شەقامی بازنەیی 150 مەتری هەولێر بە گوژمەی زیاتر لە 131 ملیۆن دۆلار لە شەقامی هەولێر - کۆیە بۆ هەولێر - شەقڵاوە، ھەروەھا شەقامی خێرای رێگەی گۆپاڵ بە گوژمەی زیاتر لە 110 ملیۆن دولار جێبەجێ کراون.

.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار باسی لەوەشکردوە، هەر لە ساڵی رابردوودا لە رێگەی کارگەی قیری سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە، بڕی حەوت هەزار و 132 تۆن قیر بۆ چاککردن و قیرتاوکردنی شەقام و کۆڵانەکانی شاری هەولێر بەکارهاتووە.

لەبارەی سەوزکردنی شاری هەولێرەوە، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێت "لە ڕێگەی تیمەکانی ئەندازەی پارکەکانی سەر بە شارەوانیی زیاتر لە 121 هەزار دار و 182 هەزار گوڵ چاندراون و ئەمەش كاریگەرییەكی باشی لە زیاترکردنی ڕێژەی سەوزایی شار هەبووە، ئێستا ڕێژەكەی گەیشتووەتە 19.5٪ لەگەڵ ڕەخساندنی ژینگەیەکی پاک و بێگەرد.