لە سنە پارێزگاری لە بزنی مەرەز دەکرێت

K24 - هەولێر

لە شاری دێوەڵانی پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژمارەیەك كێڵگەی بەخێوكردنی بزنی مەرەز دروستكراون، بۆ ئەوەی جۆرە بزنێك كە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە بپارێزن، جگە لەوەش داھاتێكی باشی بۆ خاوەنەكانی ھەیە، ئەوان مەرەزەكەی بۆ ناوچەی ئاڕمەردەی بانە دەنێرن و قات و شالی مەرەزی نایابی لێ دروستدەكەن.

موحسین ئەرشەدی  ئاژەڵدار، یەکێکە لە ئاژەڵدارانی دێوەڵان بە کوردستان24ی گوت: "ساڵانە لە وەرزی بەهار خوری بزنە مەرەزەکان دەبڕینەوە، پەستەک، بوزان، کڵاو و شاڵی لێ دروست دەکرێت".

گوتیشی: "مەرەزەکەمان بازاڕی باشی هەیە و 25 کەس لە کێڵگەکەمان کار دەکەن".

ئارمەردەی بانە كە بە شاڵ و پەستەكی مەرز ناسراوە، زۆربەی مەرزەکە بۆ ئەوێ دەچێت، لەوێ زۆرینەی ماڵەكان و بەتایبەت ژنان سەرقاڵی تەونكردن و دروستكردنی قوماشن لەو مەرەزەی كە لە كێڵگەكەی دێوەڵان بۆیان دەنێردرێت، ئەوان بە ماندووبوون و لێزانی زۆر دەیكەن بەو قوماشەی كە خواستی زۆریشی لەسەرە، لە ھەموو ئێران ئەو جۆرە مەرەزەش تەنیا لە رۆژھەڵاتی كوردستان ماوە.

حەمیدرەزا بەھمەنی  ئەندامی ئەنجومەنی سەرچاوە سرووشتییەكانی سنە بە کوردستان24ی راگەیاند: "بزنی مەرەز لە ئێران رووی لە کەمبوونەوە کردووە، 15 ساڵ لەمەوبەر 25 هەزار بزنی مەرەز لە ناوەندی ئێران هەبوو، ئێستا لە ئاڕمەردە 750 سەر بزنی مەرەز هەن، بەگشتی بزنی مەرەز لە ئێران مەترسی لەناوچوونی هەیە".