سەرۆک وەزیرانی سوید: بۆ ئەوەی بە زووترین کات ببینە ئەندام لە ناتۆ ئەوەی رامانگەیاندووە وەکو خۆی جێبەجێی دەکەین

ئوڵف کریستەرسن سەرۆکوەزیرانی سوید
ئوڵف کریستەرسن سەرۆکوەزیرانی سوید

K24 - هەولێر:

به‌ گوێره‌ی گوته‌كانی ئوڵف کریستەرسن سەرۆک وەزیرانی سوید، وڵاتەکەی بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ، ئەوەی رایگەیاندووە جێبەجێی دەکات.

ئوڵف کریستەرسن سەرۆکوەزیرانی سوید، کە بە سەردانێکی فەرمی لە پاریس پایتەختی فەرەنسایە، بەر لە کۆبوونەوەی  له‌گه‌ڵ ئیمانوێڵ ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان ئەنجامدا.

سەرۆک وەزیرانی سوید لە به‌رامبه‌ر پاڵپشتییەکانی پاریس بۆ ئەندامبوونی سوید و فینلاند لە ناتۆ و گەرەنتییە ئەمنییەکان، سوپاسی فه‌ره‌نسای كرد و گوتی: "بۆ ئەوەی بە زووترین کات ببینە ئەندام لە ناتۆ، ئەوەی رامانگەیاندووە وەکو خۆی جێبەجێ دەکەین".

کریستەرسن باسی لەوەشکرد، سوید لە قۆناغێکدا سەرۆکایەتی یەکێتی ئەوروپای گرتەدەست، کە ئەوروپا رووبەڕووی قەیرانی جۆراوجۆر بووه‌ته‌وه‌ و خراپترین ئەو قەیرانانەش، جەنگی رووسیا- ئۆکرانیایە.

ئوڵف کریستەرسن گوتی: "سەرکەوتنی ئۆکرانیا بۆ ئەوروپا و هەموو جیهان پێویستە".

لە مانگی حوزەیرانی 2022دا رێککەوتنێکی سێ لایەنە لەنێوان تورکیا، سوید و فینلەندا واژۆکراوە، لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەدا تورکیا داوای لە سوید کردووە ژمارەیەک لەو کەسانەی بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ریزەکانی پەکەکە و بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن داواکراون و لە سوید نیشتەجێن رادەستی تورکیا بکرێنەوە.

رێککەوتنی تورکیا لەگەڵ سوید و فینلەندا، دوای ئەوە هات کە هەردوو وڵات داوای ئەندامبوونیان لە ناتۆ کردبوو، تورکیاش ببوو بە ئاستەنگ لەبەردەم داواکەیان.