"هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەحکومن بە شکست"

ئاڵای رووسیا
ئاڵای رووسیا

K24 - هەولێر:

ڤلادیمێر سەفرۆنکۆڤ، نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی رووسیا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە دوورخستنەوە و هەوڵدان بۆ لاوازکردنی هەژموونی رووسیا لە ناوچەکە گوتی "هەوڵەکان بۆ دوورخستنەوەی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوڕاست مەحکومن بە شکست".

سەفرۆنکۆڤ راشیگەیاند، ئەوان لەوە دڵنیان کە هەر هەوڵێک بۆ دوورخستنەوەی رووسیا لە ناوچەکە و، لاوازکردنی پەیوەندییەکانی رووسیا لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و دوورخستنەوەی لە پرۆسەی چارەسەرکردنی قەیرانی فەڵەستین و ئیسرائیل یان هەر قەیرانێکی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دوورە لە واقیع و مەحکومە بە شکست.

میدیاکانی رووسیا باس لەوە دەکەن، واشنتن لە کارکردن بەشێوەی چوارینە (یەکێتی ئەوروپا، رووسیا، ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان) بۆ یەکلاکردنەوەی قەیرانەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆی جیاکردووتەوە. 

بەگوێرەی میدیا رووسییەکان، ئەمەریکا دەیەوێت بەجیا کار لەسەر دۆسیەی عەرەب – ئیسرائیل بکات، کە ئەمەش بە "هەوڵێک بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەیەک" لێکدەدەنەوە و بە ئەركێکی مەحاڵی دەزانن.

لەلایەکی دیکەوە، یوری ئوشاکۆڤ یاریدەدەری سەرۆکی رووسیا بۆ کاروباری نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا، کە ئەمڕۆ رووسیا کار بۆ چالاککردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا و جیهانی عەرەبی و ئیسلامی بەگشتی دەکات.