موحسین رەفسەنجانی: گەلەکۆمەیەکی دەگمەنی جیهانی دژ بە ئێران دەکرێت

موحسین هاشمی، کوڕی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی لە دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران
موحسین هاشمی، کوڕی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی لە دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران

K24 – هەولێر

کوڕی سەرۆکی کۆماری پێشووتری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاشکرای دەکات کە "گەلەکۆمەیەکی دەگمەنی نێودەوڵەتی" دژ بە ئێران هەیە و هەوڵەکان بۆ دەرچوون لەو گوشارە بێئاکام بوونە.

موحسین هاشمی، کوڕی ئەکبەر هاشمی رەفسەنجانی لە دامەزرێنەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران، چاوپێکەوتنی لەگەڵ رۆژنامەیەکی ناوخۆیی کردووە و هۆشداری لەبارەی گەلەکۆمەیەکی نێودەوڵەتی دژی بە ئێران دەدات.

موحسین هاشمی کە پێشتر سەرۆکی ئەنجوومەنی شارەوانی تاران بووە، بە رۆژنامەی کۆماری ئیسلامی دەڵێ: ئەو گەلەکۆمەیەی ئێستا دژ بە ئێران لە ئارادایە، نە تەنیا بۆ ئێران، بەڵکو بۆ هەموو وڵاتان و بە درێژایی مێژوو، بێوێنە و دەگمەن بووە".

ئەو، باس لە دابڕانی چینەکانی کۆمەڵگە و دروستبوونی دوو جەمسەری، بۆ نموونە خۆشی خەڵک بە هۆی دۆڕانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێران لە مۆندیالی قەتەر دەکات و دەڵێ: ئەو جۆرە دابڕانەی نێو کۆمەڵگە، لە هیچ سەردەمێک و مێژووی ئێراندا وێنەی نەبووە.

موحسین هاشمی، پێیوایە هەوڵی دەستەبژێرە سیاسی و ئایینییەکان، حزبە ریفۆرمخوازەکان و رۆژنامەنووسان بۆ دەربازبوونی ئێران لەو بنبەستە، "بێ کاریگەر" بووە.  

دوای کوژرانی ژینا ئەمینی لە 16ـی ئەیلولی 2022 لەلایەن پۆلیسی تاران و دەستپێکردنی خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران و زۆربەی شارە گرنگەکانی جیهان، بەرپرسانی باڵای وڵاتان، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا، کوشتنی ژینا ئەمینی و سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانیان سەرکۆنەکرد و کۆمەڵێک گەمارۆی نوێیان بەسەر ئێراندا سەپاند.

هەروەها ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ ئاشکراکردنی راستییەکان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤی لە ئێرانی پەسند کرد و ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، کۆماری ئیسلامی ئێرانی لە کۆمیسیۆنی پێگەی ژنی رێکخراوەکە دەرکرد.