نرخی دۆلار جارێکی دیکە بەرزبوویەوە

دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر به‌ دراوی عێراقی
دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر به‌ دراوی عێراقی

K24 – هەولێر

لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراو لە هەولێر و بەغدا، جارێکی دیکە نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەرزبوویەوە، هەر ئەمەش وایکردووە بازاڕ ناجێگری پێیەوە دیار بێت.

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4ـی کانوونی دووەم) نرخی یەک دۆلاری ئەمەریکی لە بازاری ئاڵوگۆڕی دراوی هەولێر بۆ 1560 دینار بەرزبوویەوە.

هۆشمەند سادق پەیامنێری کوردستان24 لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هەولێر، باس لە "ناجێگیری دۆخی بازاڕ" دەکات.

دوێنی (سێشەممە، 3ـی کانوونی دووەم) نرخی دۆلار لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراوی هەولێر، بە 1527 دینار بوو، بەڵام بەیانی ئەمڕۆ نرخەکە زۆر بەرز بووە و گەیشتە 1560 دینار. 

بۆ کەمکردنەوەی نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار، ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراقی رێنمایی نوێی دەرکرد. 

بەگوێرەی ئەو رێنماییە نوێیە، کارکردن بە بڕگەی یەکی ماددەی سێ تایبەت بە فرۆشتنی دراوی بیانی لە یاسای بودجەی 2021 هەڵدەوشێتەوە و داتای پەیوەست بە هاوبەشانی سەکۆی ئەلیکترۆنی بە فەرمانگەکانی گومرگ و باج نادرێت.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەستەی گشتی باج و دەستەی گشتی گومرگ بەپێی رێنمایی و یاسا تایبەتەکانیان کار بە وەرگرتن و کۆکردنەوەی باج و پێناسەکان لە دەروازە سنوورییەکان دەکەن.