چیرۆکی ئەو سێ قوتابییەی لە گوندێکی چەمچەماڵ ناسنامەیان نییە
K24 – هەولێر
لە گوندێکی سنووری قەزای چەمچەماڵ، سێ منداڵ بەهۆی نەبوونی ناسنامەوە بڕیاری دوورخستنەوەیان لە خوێندن درا، بەڵام بە بڕیارێکی وەزیری پەروەردە تا ئەو کاتەی کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت، لە خوێندن بەردەوام دەبن.
ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 ئەمڕۆ سەردانی ئەو خێزانەی کرد لە گوندی (نورەی سەروو) لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ. ئەندامانی خێزانەکە باسیان لەوە کرد، پێشتر باپیری ئەم منداڵانە (هەستیار، هێڤار و تەمەن) ناسنامەی نەبووە، بۆیە دواتر باوکیشی ئەو منداڵانەش نەیتوانیوە ببێتە خاوەن ناسنامە و ئێستاش چوار منداڵی خێزانەکە، کە سێانیان لە قوتابخانەن، بێ ناسنامەن، بەڵام دایکیان ناسنامەی هەیە.
ئەو منداڵانە، لە چەند رۆژی رابردوودا، لە رێگەی خوێندنگەکەیانەوە ئاگادارکراونەتەوە، بەبێ هێنانی ناسنامە و تۆمارکردنی زانیاری و ناوەکانیان بە دروستی، ناتوانن لە خوێندن بەردەوام بن، بەڵام دواتر قائیمقامیەتی چەمچەماڵ رایگەیاند، بە بڕیارێکی ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو سێ قوتابییە لە خوێندن بەردەوام دەبن تا ئەوکاتەی کێشەکەیان چارەسەر دەکرێت.
رەمک رەمەزان قائیمقامی چەمچەماڵ، سەردانی خێزانەکەی کرد و بە کوردستان24ی گوت، "ئامادەین پارێزەر بۆ دۆسیەی ئەم خێزانە و منداڵەکانیان دابینبکەین، بۆئەوەی بەشێوەیەکی یاسایی کێشەکەیان چارەسەر بکرێت و ناسنامەیان بۆ دەربهێندرێت".
هەروەها عەبدوڵا حەمە کاکە ڕەش، بەڕێوەبەری پەروەردەی شارۆچکەی چەمچەماڵ، بە کوردستان24ی گوت، "پابەند دەبین بە بڕیاری وەزیری پەروەردە، بۆ بەردەوامبوونی قوتابییەکان لە خوێندن و ئامادەین هەموو هاوکارییەکی خێزانەکەش بکەین".
بەگوێرەی یاسای باری کەسێتی عێراق، کاتێک منداڵ لەدایک دەبێت، لە رێگەی تۆماری باری کەسێتی باوکییەوە، ناسنامەی بۆ دەردەهێندرێت، بەڵام کاتێک منداڵێک باوکی ناسنامەی نەبێت، پێویستە لە رێگەی یاساوە کێشەکە چارەسەر بکرێت.