کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەولێر: لێرە دەمێنینەوە و پابەندیمان هه‌یه‌ به‌رامبه‌ر هەرێمی کوردستان

"ساڵی رابردوو چەندین بەرپرسی باڵای ئەمەریکا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و ئەمساڵیش ئەو سەردانانە بەردەوام دەبن"
ئیرڤن هیكس، کونسولی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان
ئیرڤن هیكس، کونسولی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر

ئیرڤن هیكس، کونسوڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، دووپاتیکردەوە ئەمساڵیش سەردانی بەرپرسانی باڵای وڵاتەکەی بۆ هه‌رێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و گوتی: هاتنی بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا بۆ هه‌رێمی کوردستان و بنیاتنانی گەورەترین كونسوڵخانەی وڵاتەکەمان، بەڵگەی ئەوەیە کە ئێمە له‌ هەرێمی کوردستان ده‌مێنینه‌وه‌.

کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 4ـی کانوونی دووەم) لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا کە شەیما باییز پەیامنێری کوردستان24 ئامادەی بوو، لەگەڵ ئاماژەدان بە رێککەوتنی نێوان وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا و وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند، "دەمانەوێت پێشمەرگە لەسەر پێی خۆی بوەستێت و رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش ببێتەوە. ئەگەر هەڕەشەکانی داعش کۆتایی پێبێت، ئەو خەڵکەی ئاوارەبوونە بەدڵنیاییەوە دەتوانن بۆ زێدەی خۆیان بگەڕێنەوە".

کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێمە پێشوازی لە هەماهەنگی و کاری هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ تیمی سەربازی خۆمان دەکەین، بۆ ئەوەی هەڕەشەکانی داعش دووبارە نەبێتەوە و لە پاراستنی هاووڵاتیانی ئەم هەرێمە دڵنیابین.

ئیرڤن هیكس، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و واشنتن گوتی، "ساڵی رابردوو چەندین بەرپرسی باڵای ئەمەریکا سەردانی هەرێمی کوردستانیان کرد و ئەمساڵیش ئەو سەردانانە بەردەوام دەبن. ئەو پەیوەندی و تێکەڵاوییەی ئەمەریکا لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیەتی، لە ئاستی باڵای ئیداره‌ی ئه‌مه‌ریكا و كۆنگرێسدایه‌.