وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف: له‌ هەرێمی كوردستان 5800 مزگەوت و 145 كڵێسا هه‌ن

له‌ هەرێمی كوردستان 5800 مزگەوت و 145 كڵێسا هه‌ن
له‌ هەرێمی كوردستان 5800 مزگەوت و 145 كڵێسا هه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ماڵپه‌ڕی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە هەرێمی كوردستان حەوت ئایین هەن و سەرجەمیان لە چوارچێوەی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا مۆڵەت پێدراون و بەپێی یاسا لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەك بە ناوی (پێكەوە ژیانی ئایینی) رێكخراون و چالاكییەكانیان ئەنجامدەدەن.

ماڵپه‌ڕی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ میانه‌ی راپۆرتێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاندووه‌، له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هەرێمی كوردستان 5800 مزگەوت، 145 كڵێسا و 400 شوێنه‌واری ئایینه‌ جیاوازه‌كان هه‌ن و  لە كابینەی نۆیەمدا پلانیان بۆ دانراوه‌ لە سەر ئەركی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی كوردستان نۆژه‌نبكرێنه‌وه‌‌، كه‌ له‌ نۆژەنكردنەوەی مەزارگەی سوڵتان مزەفەرەددین لە شاری هەولێر، مزگەوتی كاك ئەحمەدی شێخ و مزگەوتی گەورە له‌ سلێمانی، بنكەی لالش و چەندین شوێنی دیكه‌ لە شاری دهۆك، ده‌ستپێكرا.

سەبارەت بە ژمارە و ناوی ئەو ئایین و باوەڕانەی لە هەرێمی كوردستاندا هه‌ن و بەشێوەیەكی فەرمی ناسراون، نەبەز ئیسماعیل گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی بە ماڵپه‌ڕی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاندووه‌، بەپێی یاسای ژمارە 5ـی ساڵی 2015ـی پەرلەمانی كوردستان، حەوت ئایین لە هەرێمی كوردستان مۆڵەتپێدراون و بەپێی یاسا رێكخراون و نوێنەرایەتییان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیدا هەیە، هەروەها لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتییەك بە ناوی (پێكەوەژیانی ئایینی) چالاكییان هەیە.

نەبەز ئیسماعیل، ئاماژەی بەوەشدا، هەردوو پێكهاتەی ئایینی كریستیان و ئێزدیی، خاوەنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و كاروباری تایبەت بە خۆیانن و هەر خۆشیان بەڕێوەی دەبەن، بەڵام سەر بە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیە.

لەبارەی ناوی ئایینەكانیش، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف ئاماژەی بۆ هەر یەك لە ئایینەكانی ئیسلام، كریستیان، ئێزدی، بەهائی، سابیئەی مەندائی، جوو، زەردەشتی كرد و گوتی: ئەم ئایین و باوەڕانە سەرجەمیان چالاكییان هەیە و پەیوەندییەكی بەهێزیش لە نێوانیاندا بوونی هەیە و بەشداریی بۆنە و مەراسیم و چالاكیی یەكتریش دەكەن".

گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، لە هەرێمی كوردستان پێنج هەزار و 800 مزگەوت هەن، لەو ژمارەیەش سێ هەزار و 200 مزگەوت گوتاری هەینی تێدا ده‌خوێندرێت، كە لە چوارچێوەی بۆردێكی باڵای دانانی گوتار سەرپەرشتی دەكرێن.

نه‌به‌ز ئیسماعیل ده‌شڵێت: "لە هەرێمی كوردستان، 145 كڵێسا هەن و بە پێی پێویستیی شوێنەكە، حكومەتی هەرێمى كوردستان پاڵپشتیی درووستكردنی كڵێسا دەكات".

67