"ئه‌و یاریزانه‌ی‌ زه‌حمه‌ته‌ هیچ كه‌سێك له‌م دونیایه‌ رقی لێی بێته‌وه‌"

تۆنی كرووس ناوه‌راستكاری یانه‌ی ریال مه‌درید
تۆنی كرووس ناوه‌راستكاری یانه‌ی ریال مه‌درید

نووسینی: عیماد نوح

دەڵێن خۆشەویستی ویستێکی لا شعورە، کەس نازانێت کەی دێت، چۆن دێت، لەکوێ دێت، كرووس بە هێمنی و پڕ ڕێز و سۆزەوە هاتە نێو دڵی یەک بە یەکی بینەرانیەوە، هەندێک ناو هەن کە دەکەونە بەر گوێ جوانی دەبەخشن، تۆ بڕوانە كاتێك ناوی تۆنی كرووس دێت چەندە شیرینە باسکردنی.

ئەو لە دەرەوەی دونیای وەرزشیشدا هەر كه‌سێكی پڕ سۆز و میهرەبانە، خاتوو جاسیکایی خێزانی تۆنی دەگێڕیتەوە: پێش کریسمس هەموو یاریزانە ڕاستەقینەکان دیاری دەبەن بۆ ئەو منداڵانەی کە لە نەخۆشخانەن، یەکەمجار کە تۆنی ڕۆشت منداڵێکی بچووکی ناسی منداڵێک کە شێرپه‌نجه‌ی هەبوو، لەسەر کورسییەکی خاوەن پێداویستی تایبەت دانیشتبوو، ئەو هەمان تەمەنی لیۆنی كوڕی هەبوو، زۆر کاریگەر بوو کاتێک چوینەوە ماڵەوە پێی وتم ڕێکخراوێک دروست دەکەم بۆ ئەو منداڵانەی نەخۆشن و خاوەن پێداویستین.

ڤیستیڤاڵێک سازکرا بۆ ئەم ڕێکخراوەی تۆنی کە هەندێک لە ئەستێرە گەورەکانیش بەشداربوون، هەم وەک ناساندنی ڕێکخراوەکە هەم وەک بەخشینیش، کروس لەسەر ستەیج دەڵێت: خۆشحاڵم کە دایک و باوک و خێزانەکەم شانازیم پێوە دەکەن، بەڵام شتێک خۆشحاڵتر و ئاسوودەترم بکات، یارمەتی دانی ئەم منداڵان و نەخۆشانەیە.

وەلێ تۆنی لە لاکێشەی سەوزیشدا تایبەتە، نایابە، لەسەرخۆیە، تەنانەت لە یاری خراپیشدا، دەبینی ئەو شتێکی هەیە پێشکەشی بکات، کە زۆربەی گەنجەکانی تر نیانە ئەویش بەهرەیە لەسەر تۆپ، لە یارییە خراپەکانیشدا ئەم تایبەتمەندییە لە کرووس دەبینی.

فلۆرێنتینۆ پێرێز سه‌رۆكی یانه‌ی ریال مه‌درید دەڵێت: ڕەوشت و یاریکردن ئاوایە، وا لە خەڵک دەکات بێنە نێو یاریگا بۆ بینینی، ئەوان تەنها بۆ بینینی بردنەوە نایەن، بەڵکو بۆ بینینی ئەوە دێن کە چۆن كرووس پاس دەدات، بۆمن یەکێکە لەو یاریزانانەی کە لە دایک بووە، تا یاری بۆ ڕیاڵ مەدرید بکات.

پێرێز له‌ لێدوانێكی دیكه‌دا ده‌ڵێت: باشترین و سه‌ركه‌وتووترین گرێبه‌ست له‌ سه‌رده‌می سه‌رۆكایه‌تی من گواستنه‌وه‌ی تۆنی كرووس بوو.

یواکیم لۆف: کاتێک قسە لەگەڵ تۆنی دەکەیت، تۆ هەست بە ڕازیبوونێك و باوەڕێکی تەواو دەکەیت. تۆنی قەت ناترسێت ئەو نیگەران نابێت، گرینگ نیە چی لە مەترسیدا بێت.

بوونی ٣٣ ساڵت پیرۆز، کوڕەکەی هاینکس و مێرینگی و ئەڵمان.

تۆنی كرووس و لوكا مۆدریچ
تۆنی كرووس و لوكا مۆدریچ
تۆنی كرووس له‌گه‌ڵ هاوژین و منداڵه‌كانی
تۆنی كرووس له‌گه‌ڵ هاوژین و منداڵه‌كانی