خراپی دۆخی ئابووری تەنگ بە هاووڵاتییانی ئێران هەڵدەچنێت

K24 - هەولێر

وەزارەتی كاری ئێران لە راپۆرتێكدا ئاشكرایكردووە، تەنیا لەماوەی یەك ساڵدا ژمارەی ھەژارەكانی ئەو وڵاتە دوو ھێندە زیادیكردووە، ھەر بەپێی ئەو راپۆرتە ھەر خێزانێكی چوار كەسی دانیشتووی تاران ئەگەر داھاتی مانگانەی 15 ملیۆن تومەن نەبێت، دەكەوێتە ژێر ھێلی ھەژاری و ناتوانێ پێداویستییە سەرەتاییەكانی ژیان دابین بكات.

بڵاوکردنەوەی ئاماری فەرمی وەزارەتی كاری ئێران، كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە، بەپێی راپۆرتی ئەو وەزارەتە لە ساڵی 2021 ھەتا 2022 یەك لەسەر سێی دانیشتووانی ئێران كەوتوونەتە ژێر ھێڵی ھەژاری، دروستی ئەو ئامارەش بەڕوونی بە كۆمەڵگەی وڵاتەکەوە دیارە.

بەپێی ئامارە فەرمییەكان لە ساڵی 2021 ھێڵی ھەژاری خێزانێكی چوار كەسی، چوارملیۆن و 541 ھەزار تومەن بۆ ھەر مانگێك بوو، بۆ تاران سەروو 7 ملیۆن تومەن بووە، بەڵام لە ساڵی 2022 ھەر خێزانێكی چوار كەسی داھاتی مانگانەی 7 ملیۆن و 700 ھەزار تومەن نەبووبێت، دەكەوێتە ژێر ھێڵی ھەژارییەوە، ئەوە بۆ تاران نزیكەی 15 ملیۆن تومەنە، بەو مانایەی كە ئەو ھەر خێزانێك مانگانە ئەو داھاتەی نەبووبێت نەیتوانیوە پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیانی دابین بكات.

ئەوە كاتێكدایە داھاتی مانگانەی زۆربەی خێزانەكانی ئێران ژێر 10 ملیۆن تومەن لە مانگێكدایە، ئەوەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژەمەخواردنی رۆژانەی ھاووڵاتیانیش داناوە، چونكە نرخەكان بەردەوام بەرزدەبنەوەو توانای كڕین و داھاتیش بەردەوام لە دابەزین دایە.