چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران: نزیکەی 70 منداڵ لە خۆپێشاندانەکاندا کوژراون

بەشێک لەو مێرمنداڵانەی لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا کوژراون
بەشێک لەو مێرمنداڵانەی لە خۆپێشاندانەکانی ئێراندا کوژراون

K24 – هەولێر

منداڵان لە ریزی سەرەکیترین قوربانیانی سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی 110 رۆژی رابردووی ئێراندا بوون. لەم خۆپێشاندانانەدا لە منداڵی دوو ساڵە تا مێرمنداڵی 17ساڵە بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان کوژراون و دەیان منداڵیش دەستبەسەر کراون، بەڵام هێشتا هیچ ئامارێکی فەرمی لە ژمارەی منداڵە کوژراو و دەستبەسەرکراوەکانی ئەم خۆپێشاندانانە لەلایەن حکوومەتەوە بڵاو نەبووەتەوە.

ئەنجوومەنی پشتیوانی لە مافی منداڵان لە نامەیەکدا بۆ غوڵامحسێن موحسین ئێژەیی، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، داوای کردووە، ئاماری ورد و شەفافی منداڵانی کوژراو و دەستبەسەرکراو لە یەکەم رۆژی دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکان بڵاو بکرێتەوە.

لە نامەکەی ئەو ئەنجوومەنەدا هاتووە، بڵاوکردنەوەی ئامار و شەفافییەت سەبارەت بەو دامودەزگا ئەمنییانەی ئەو منداڵانەیان دەستبەسەر کردووە، بۆ بەدواداچوونی دۆخی منداڵان و پێشکەشکردنی هاوکاریی یاسایی بۆ ئەوان زۆر پێویستە.

ئەنجوومەنی پشتیوانیی لە مافی منداڵان، رەخنەی لە بێبەشکرانی ئەو منداڵانە لە دەستنیشانکردنی ئازادانەی پارێزەری باوەڕپێکراو و هەڵبژێردراوی خۆیان گرتووە و راشیگەیاندووە، چەندین پارێزەری دڵسۆز ئامادەن بە شێوەی بێبەرانبەر بەرگری لە مافی ئەو منداڵانە بکەن.

بەپێی نوێترین راپۆرتی کۆمەڵەی چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، لە ماوەی 110 رۆژ خۆپێێشاندان و ناڕەزایی دەربڕین لە شارەکانی ئێران، لانیکەم 70 منداڵ کوژراون. ئەم رێکخراوەیە ژمارەی منداڵانی دەستبەسەرکراو لە ئاستی ئێرانی بڵاو نەکردووەتەوە. هاوکات رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاویش ئاشکرای کردووە، لەو ماوەیەدا لە رۆژهەڵاتی کورستان 14 منداڵ کوژراون و 162 منداڵیش دەستبەسەر کراون.