کۆمپانیایەکی ئەمەریکی 18 هەزار کارمەند لە کارەکانیان دووردەخاتەوە

چەند کارمەندێکی کۆمپانیای ئەمازۆن
چەند کارمەندێکی کۆمپانیای ئەمازۆن

K24 - هەولێر:

کۆمپانیای ئەمازۆنی ئەمەریکی بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی رێکارەکانی رووبەرووبوونەوەی ناجێگری ئابووری کۆمپانیاکە 18 هەزار کارمەند لە کارەکانیان دووردەخەنەوە.

کۆمپانیای ئەمازۆن باسی لەوەشکرد، هەست بەوەدەکەن دوورخستنەوەی ئەو کارمەندانە قورسە و کاریگەری زۆری لەسەریان دەبێت، بەڵام ئەو بڕیارەیان لەناچاریدا دەرکردووە و هەوڵدەدەن ئەو کارمەندانەی دوور دەخرێنەوە بەپێدانی چەند موچەیەک قەرەبوویان بکەنەوە.

ئەمازۆن ئاماژەی بەوەشدا، پڕۆسەی دوورخستنەوەی کارمەندەکان لە 18 ی ئەم مانگەوە دەستپێدەکات و بەشێک لە کارمەندە دوورخراوەکان لە کیشوەری ئەوروپا دەبن.

ئەمە لەکاتێکدایە، کۆمپانیای ئەمازۆن لە مانگی 11ی ساڵی رابردووش زیاتر لە 10 هەزار کارمەندی بەهۆی قەیرانی داراییەوە لە کارەکانیان دوورخستەوە.