عەلی باباجان: دەبێ پرسی کورد بە دادپەروەرانە چارەسەر بکرێت

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

سەرۆکی گشتی پارتی دیموکراسی و پێشکەوتن (دەڤا)، رەخنەی لە چەند ماددەیەکی دەستووری هەمیشەیی تورکیا گرت و دووپاتیکردەوە، "ئێمە گرنگی بە مەسەلەی کورد دەدەین و دەمانەوێت ئەو پرسە بە دادپەروەرانە و ئازادی چارەسەر بکرێت."

عەلی باباجان لە سەردانیدا بۆ دیاربەکر، بۆ رۆژنامەنووسان قسەی کرد و رایگەیاند، "دەبێ دەوڵەت هیچ فەرق و جیاوازییەک لە نێوان هاووڵاتیانیدا نەکات".

چەند جارێکە باباجان راستەوخۆ رەخنە لە ماددەکانی 66 و 42ـی دەستووری هەمیشەیی تورکیا دەگرێت. لەو خاڵانەدا باس لەوە کراوە، هەموو هاووڵاتییەکی تورکیا، تورکن و پەروەردە دەبێ تەنیا بە زمانی تورکی بێت.  

سەرۆکی گشتی پارتی دەڤا، لەوبارەیەوە رایگەیاند، "ئێمە دەبێ بێترس قسە لەسەر ئەو خاڵانە بکەین، چ خاڵی  66 یان 42 یان هەر خاڵێکی دیکە، ئێمە بە گوێرەی سەردەمی نوێی تورکیا، لە دەستووری نوێدا جارێکی دیکە ئەو خاڵانە بە نوێی دەنووسینەوە."

باباجان گوتیشی: هەموو هاووڵاتییەکی تورکیا وەک یەکن. دەبێ مرۆڤ بژیت، تاکو دەوڵەت بژیت. کێشەی هاووڵاتیانی عەلەوی و پێکهاتەی دیکەی ئایینیش هەیە، پێویستە ئەو کێشانە چارسەر بکەین.