ساڵی رابردوو 75 پرۆژە لە سلێمانی جێبەجێکراون

دیمه‌نێكی شاری سلێمانی
دیمه‌نێكی شاری سلێمانی

K24 – هەولێر

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، ساڵی رابردوو (2022) لە سنووری پارێزگای سلێمانی 75 پرۆژە جێبەجێکراون و گوژمەی زیاتر لە شەش ملیار و 400 ملیۆن دینار بۆ پرۆژەکان خەرجکراوە.

ئەمڕۆ (5ـی کانوونی دووەمی 2022) وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند، ساڵی 2022 لە شاری سلێمانی،  لەسەر بودجەی داهاتی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سێكتەرەكانی شارەوانی، ئاو و ئاوەڕۆ، گەشتوگوزاردا بە گوژمەی شەش ملیار و 419 ملیۆن و 339 هەزار و 465 دینار، 75 پرۆژەی جۆراوجۆری خزمەتگوزاری لەلایەن دامودەزگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێكراون".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، لە سێکتەری شارەوانیدا 44 پرۆژە بە گوژمەی چوار ملیار و 717 ملیۆن و 226 هەزار و 600 دینار، جێبەجێكراون و لە سێكتەری ئاو و ئاوەڕۆدا، 27 پرۆژە بە گوژمەی ملیارێک و 585 ملیۆن و 271 هەزار و 365 دینار، جێبەجێكراون.

ئاماژە بەوەشدراوە، لە سێكتەری گەشتوگوزاردا، چوار پرۆژە بە گوژمەی 116 ملیۆن و 841 هەزار و 500 دینار جێبەجێكراون.