وه‌زاره‌تی حه‌ج و عومره‌ی سعوودیه: ئه‌مساڵ ژنان به‌بێ مه‌حره‌م ده‌توانن حه‌ج ئه‌نجام بده‌ن
K24 - هه‌ولێر:
حكومه‌تی سعوودیه بۆ وه‌رزی ئه‌مساڵی حه‌جكردن، رێگه‌ده‌دات به ژنان به‌بێ مه‌حره‌م گه‌شت بۆ وڵاته‌كه‌ی بكه‌ن و به‌شداری له جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێوڕه‌سمی ئایینییه بكه‌ن.
عه‌بدولفه‌تاح مه‌شات، جێگری وه‌زیری حه‌ج و عومره‌ی سعوودیه رایگه‌یاند، وه‌زاره‌ته‌كه‌یان بڕیاریداوه مه‌رجی بوونی مه‌حره‌م بۆ ژنان له حه‌جی ئه‌مساڵ هه‌ڵبگرێت.
له لێدوانێكدا بۆ راگه‌یاندنه‌كانی كه‌نداو، ئه‌و به‌رپرسه‌ی وه‌زاره‌تی حه‌ج و عومره‌ی سعوودیه روونیكردووه‌ته‌وه، بۆ وه‌زری حه‌جی ئه‌مساڵ، ژنان ده‌توانن به‌بێ بوونی مه‌حره‌م به‌شداری له جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێوڕه‌سمی ئایینییه‌كان بكه‌ن به‌و مه‌رجه‌ی له‌ناو كۆمه‌ڵێك له ژنان خۆیانبن.
هه‌روه‌ها جێگری وه‌زیری حه‌ج و عومره‌ی سعوودیه ده‌ستپێكردنی ئاماده‌كارییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی بۆ وه‌رزی حه‌جی ئه‌مساڵ راگه‌یاند و سه‌ره‌تاش ده‌رگای پێشكه‌شكردن بۆ حه‌جكردنیان بۆ هاووڵاتییانی ناوخۆی ئه‌و وڵاته كردووه‌ته‌وه كه مه‌رجی ته‌مه‌نی 12 ساڵیان داناوه وه‌ك بچووكترین ته‌مه‌نی رێگه‌پێدراو بۆ حه‌جكردن.
وه‌زاره‌تی حه‌ج و عومره‌ی سعوودیه بۆ ئه‌مساڵ له‌ڕێگه‌ی ئۆنلاینه‌وه داواكاری هاووڵاتییانی وڵاته‌كه‌ی بۆ به‌جێگه‌یاندنی فه‌ریزه‌ی حه‌ج وه‌رده‌گرێت و جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكرده‌وه، كه له هه‌وڵدان بۆ ساڵانی داهاتوو ئه‌و خزمه‌تگوزارییه بۆ هاووڵاتییانی وڵاتانی دیكه‌ش به‌رده‌ستبكات.