سیناتۆرێکی ئەمەریکی: هەڕەشەکانی ئەردۆغان لە یۆنان گەمژانەن

سیناتۆر بۆب مەنێندز، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سیناتی ئەمەریکا
سیناتۆر بۆب مەنێندز، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سیناتی ئەمەریکا

K24 - هەولێر:

سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سیناتی ئەمەریکا رایگەیاند، هەڕەشەکانی ئەردۆغان لە یۆنان گەمژانەن و دەبێ راوەستن.

سیناتۆر بۆب مەنێندز، سەرۆکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی سیناتی ئەمەریکا لەبارەی هەڕەشەکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا لە یۆنان لە تویتێکدا رایگەیاند، هەڕەشە بەردەوامەکانی ئەردۆغان مامەڵەیەکی قبوڵنەکراوە لە سەرۆکی وڵاتێک کە ئەندامی ناتۆیە، ئەم هەڕەشە بێمانایانە دەبێت بوەستن.

تورکیا و یۆنان لەسەر سنوورە ئاوییەکانیان کێشەیان هەیە و سەرۆککۆماری تورکیا بەردەوام هەرەشە لە یۆنان دەکات، بەجۆرێک لە یەکێک لە لێدوانەکانیدا سەبارەت بە یۆنان گوتی "شەوێک لەناوکاو بەسەرتاندا دەدەین".

نزیکەی مانگێك لەمەوبەر، ئەردۆغان لەبارەی کاردانەوەی یۆنان لەسەر بەرهەمهێنانی مووشەک لەلایەن تورکیاوە گوتی "ئه‌گه‌ر به‌ ئارامی دانه‌نیشن و، ئەگەر له‌ هه‌وڵدابن له‌ ئه‌مەریكا و له‌ملا و ئه‌ولاوه‌، شتێك وه‌ربگرن و بیهێننە دوورگه‌كان، وڵاتێكی وه‌ك توركیا پێویسته‌ شتێك بكات".