ئینتیفاز قەنبەر: پێشمەرگە بەهێزترین هاوپەیمانی ئەمەریکایە لە دەرەوەی ناتۆ

ئینتیفاز قەنبەر، سیاسەتمەدار و سەرۆکی دامەزراوەی (داهاتوو)
ئینتیفاز قەنبەر، سیاسەتمەدار و سەرۆکی دامەزراوەی (داهاتوو)

K24 – هه‌ولێر:

سیاسه‌تمه‌دارێكی عێراق جه‌خت له‌سه‌ر گرنگی رۆڵی پێشمه‌رگه‌ ده‌كاته‌وه‌ و به‌ به‌هێزترین هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ناتۆ وه‌سفیده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لەوەدایە لە عێراق بمێنێتەوە و ده‌بێت پێشمه‌رگه‌ش پڕچه‌ك بكرێت.

ئینتیفاز قەنبەر، سیاسەتمەدار و سەرۆکی دامەزراوەی (داهاتوو) لەبارەی هاوپەیمانیه‌تی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا له‌میانی به‌شداریكردن له‌ ژووری هه‌واڵی كاتژمێر هه‌شتی كوردستان24، رایگه‌یاند، هەرێمی کوردستان بە حکومەت و گەلەکەیەوە سەلماندوویەتی دۆستی هەموو جیهانە نەک ته‌نیا ئەمەریکا، پێشمەرگەش بەهێزترین هاوپەیمانی ئەمەریکایە لە دەرەوەی ناتۆ.

ئینتیفاز قەنبەر سەبارەت بە سەرهەڵدانەوەی داعش و کشانەوەی ئەمەریکا ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، بە کشانەوەی ئەمەریکا داعش جارێکی دیکە سەرهەڵدەداتەوە و بەرژەوەندی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا لەوەدایە لە عێراق بمێنێتەوە.

ناوبراو گوتیشی: ئێمە ئەزموونێکی زۆر ناخۆشمان هەیە، 2011 کاتێک ئەمەریکا لە عێراق کشایەوە داعش سەریهەڵدا، 40%ـی عێراقی داگیرکرد و کارەساتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا کە تا ئێستاش لێکەوتە خراپەکانی ماون.

هه‌روه‌ها ئینتیفاز قەنبەر روونیكرده‌وه‌، سیاسییه‌كان، حکومەت و گروپه‌ چه‌كداره‌كانی عێراقیش له‌و وانەیەوە فێربوون، گوتیشی "ئەمه‌ریکییەکان ئەوە لەبیرناکەن لە 2003ـوە تا 2011 بۆ ماوەی هه‌شت ساڵ زیاتر لە چوار هەزار سەربازی ئەمەریکا لە عێراق کوژران و زیاتر لە 20 هەزاریشیان برینداربوون بەڵام لە هەرێمی کوردستان ئەم ژمارانە سفرن".

سەبارەت بە پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان ئەمەریکا، ئەو سیاسەتمەدارە باسی لەوەکرد، "لە ئەمەریکا بە کۆماریی و دیموکراتەوەكانه‌وه‌ پێزانینیان هەیە بۆ کورد و نەمبینیوە کۆمارییەک یان دیموکراتێک دژی کورد قسە بکات."

ئینتیفاز قەنبەر بە پێوسیتی دەزانێت کار بۆ پڕچەککردنی پێشمەرگە بکرێت، چونکە بە گوتەی ئەو "پێشمەرگە دەبێتە گەورەترین و بەهێزترین هاوپەیمانی ئەمەریکا لە دەرەوەی ناتۆ لە ناوچەکە".