لە ئێران دوو خۆپێشاندەری دیکە لە سێدارەدران

محەمەد حوسێنی و محمەمەد مەهدی کەرەمی
محەمەد حوسێنی و محمەمەد مەهدی کەرەمی

K24 – هەولێر

دوو خۆپێشاندەر لە شاری کەرجی ئێران بە تۆمەتی کوشتنی کەسێکی بەسیجی (حەشد) لەلایەن دادگاوە بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو و سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، بڕیارەکەیان بەسەردا جێبەجێکرا.

ئەمڕۆ (شەممە، 7ـی کانوونی دووەم) هەر یەک لە (محەمەد مێهدی کەرەمی) و (سەید محەمەد حوسێنی) بە تۆمەتی کوشتنی (روحوڵڵا عەجەمیان) لە سێدارەدران.

دەسەڵاتی دادوەری ئێران رایگەیاندووە، "هەر دوو تاوانبار لە میانی خۆپێشاندانەکانی شاری کەرەجدا، روحوڵڵا عەجەمیانیان تەنیا بە تاوانی ئەوەی جلوبەرگی بەسیجی لەبەردا بووە، کوشتووە". هەر پەیوەندیدار بەو دۆسیەیە، 16 کەس دەستگیرکراون.

بەسیج (حەشد) یەک لەو هێزانەیە کە وەک رێکخراوەکانی مافی مرۆڤی ئێران ئاشکرایانکردووە، بەشداربووە لە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران.

نزیکەی چوار مانگە خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوامە، ئەو خۆپێشاندانانە لەگەڵ کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن پۆلیسی تارانەوە، دەستپێکران.

زۆربەی خۆپێشاندانەکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە سەرکوتکران و بە پێی ئەو ئامارانەی لەلایەن رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤەوە بڵاوبوونەتەوە، تا ئێستا نزیکەی 550 خۆپێشاندەر کوژراون سەرووی 18 هەزار کەسیش دەستگیرکراون.

ئەو رێکخراوانە ئاشکرایانکردووە، 100 دەستگیرکراو مەترسی لەسێدارەدانیان لەسەرە.