زیاتر لە 14 هەزار مامۆستا دەگوازرێنەوە سەر میلاکی ‌حکومەتی عێراق

"هەر کاتێک ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، خوێندنی کوردی لاواز دەبێت، ئەمە پێچەوانەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری هەمیشەیی عێراقە".
kurdistan24.net

K24 - کەرکووک

زیاتر لە 14 هەزار مامۆستای سەر بە میلاكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بڕیاری گواستنەوەیان بۆ سەر میلاكی حكومەتی عێراق دراوە، بەشێك لە مامۆستایان پێیان باشە و بەشێكیش وای دەبینن كە لێكەوتەی خراپی دەبێت و خوێندنی كوردی لەو ناوچانە لاواز دەكات.

مامۆستایانی خوێندنی کوردی، تائێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان خاوەندارێتییان دەكات، بەڵام بەپێی ئەو بڕیارە بێت كە دراوە، ئەگەر جێبەجێ بكرێت، ئیتر رەوشەكە بەو جۆرە نامێنێتەوە.

گواستنەوەی راژەی مامۆستایانی خوێندنی كوردی بۆ سەر میلاكی حكومەتی عێراق، مامۆستایانی دابەشی دووبەرە كردووە، بەشێك دەڵێن مووچە و ئیمتیازو ژیانمان باشتر دەبێت، بەڵام بەشەكەی دیكە لێكدانەوەی جیاوازی بۆ دەكەن و پێیانوایە جێبەجێكردنی ئەم هەنگاوە كۆتاییهاتنی خوێندنی كوردییە و لێكەوتەكانی خراپ دەبن.

قادر ئیبراهیم رەزا، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی کەرکوک، پێی باشبوو پێش لەو بڕیارە راپرسییەک کرابایە و دەرکەوتبا ئایا هەموو مامۆستایان بەو بڕیارە رازین یان نا. ئەو بە کوردستان24 دەڵێ: گواستنەوەمان بۆ سەر بەغدا، تەنها بریتی نییە لە مووچە، لەخوا بەزیاد بێت مووچە لە کاتی خۆیدا وەردەگرین و دۆخمان وەک مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. هەر کاتێک ئەو بڕیارە جێبەجێ بکرێت، خوێندنی کوردی لاواز دەبێت و دەبێ بەجێی ئاڵای کوردستان، ئاڵای عێراق دابنێین.

گواستنەوەی راژەی ئەو مامۆستایانە بۆ سەر میلاکی حکومەتی بەغدا، بە بڕیاری محەمەد شیاع سوودانی بووە. فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان خۆی بە خاوەنی ئەو هەنگاو دەزانن و دەڵێن، "ئەو هەنگاوە بە هەواڵی ئێمە جێگیرکراوە".

سەباح حەبیب، پەرلەمانتاری یەكێتی و جێگری سەرۆکی لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمانی عێراق بو کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەو بڕیارە لە سوودی مامۆستایانی کەرکووک دایە و دوامان کردووە بەپەلە جێبەجێ بکرێت".

20 ساڵە حكومەتی هەرێمی كوردستان، مووچە و سەرجەم پێداویستی و شایستەكانی مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان دابین دەكات و وەك بەشێك لەو حكومەتە مامەڵەی لەگەڵكردوون. لە دوای ئەم ھەنگاوە، بەشێك لە مامۆستایان پێیانوایە دابڕاندنیان لەحكومەتی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق دەبێت.