پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە پارەی لە کچێک سەندبوو

" تۆمەتبار و کچەکە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە یەکتریان ناسیووە"

K24 - سلێمانی:

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە كە بە فێڵ 15  ملیۆن و 500 هەزار دیناری لە كچێك سەندووە.

ئەمڕۆ شەممە 7ی کانوونی دووەمی 2023، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، دوای ئەوەی كچێك سكاڵای لەسەر تۆمەتبارێك تۆماركرد كە بە فێڵ پارەی لێوەرگرتووە و لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە ناسیویەتی، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای گەڕان و بەدواداچوونەكان توانرا لەماوەی كەمتر لە 24 کاتژمێر تۆمەتبار لە شاری هەولێرەوە بهێنرێتەوە سلێمانی و لەلایەن بنكەی پۆلیسی ڕزگارییەوە دەستگیربكرێت و بەشێك لەپارەكانیش دەستی بەسەردابگیرێت.

بە گوتەی  پۆلیسی سلێمانی، "لە ئێستادا تۆمەتبار (م، ف، ع  لەدایكبووی 2003، دانیشتووی هەولێر - سەیدئاوا) بەبڕیاری دادوەر و  بەپێی ماددەی 452 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە."