ئێزدییەکانی دەرەوەی وڵات ئەنجوومەنێکی باڵای جێبەجێکاریان دامەزراند

ئێزدییەکانی دەرەوەی وڵات ئەنجوومەنێکی باڵای جێبەجێکاریان دامەزراند
ئێزدییەکانی دەرەوەی وڵات ئەنجوومەنێکی باڵای جێبەجێکاریان دامەزراند

K24 - هەولێر:

ئێزدییەکانی دەرەوەی وڵات بە ئامادەبوونی میری ئێزدیان ئەنجوومەنێکی باڵای جێبەجێکاریان دامەزراند.

لە شاری کۆڵنی ئەڵمانیا، ئەمڕۆ (شه‌ممه‌ 7ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023) کوردانی ئێزدی دەرەوەی وڵات، بە سەرپەشتی میرحازم تەحسین بەگ کۆبوونەوە و لە کۆبوونەوەکەدا ئەنجوومەنێکی باڵای جێبەجێکاری ئێزدییان دامەزراند، کە ئەرکی ئەنجوومەنەکە ئیداریی و سیاسیی دەبێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەنجوومەنی رۆحی ئێزدی تەنیا ئەرکی ئایینی دەبێت، کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی کوردانی ئێزدی، بە یەکەمین کۆبوونەوەی دەرەوەی وڵاتی ئێزدییەکان دادەنرێت، لە دوای کارەساتی 2014ی شنگال.

هەر بەپێی زانیارییەکان، ئەم مانگە پەرلەمانی ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەکی تایبەتی دەبێت بۆ بە فەرمی جینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە سەر دەستی چەکدارانی داعش و بڕیارە کۆبوونەوەکە بە میوانداری میری ئیزدیان بەڕێوەبچێت.

بڕیار بوو 17ـی ئەم مانگە پەرلەمانی ئەڵمانیا دانیشتنێکی تایبەت بە پرسی بە جینۆسایدناساندنی کەیسی ئێزدییەکان رێکبخات و دەنگی لەسەر بدات، بەڵام بەهۆی چەند هۆکارێکەوە دانیشتنەکە بۆ چه‌ند رۆژێكی دیكه‌ دواخرا.

ئەندامێکی شاندەکە کە بڕیارە بەشداری دانیشتنەکە بکات، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، دانیشتنەکە لە کۆتایی ئەم مانگەدا سازدەکرێت و هەمو بەڵگە و ئامارەکانی تایبەت بە پرسی جینۆسایدی ئێزدییەکانیان ئامادەکراون.

سەرچاوەکە راشیگەیاند، بابەتی بە جینۆساید ناساندنی پرسەکە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا گەرمە، بە تایبەت لەلایەن پارتی دیموکراتی ئازادی ئەڵمانیاوە پشتگیری زۆری لێدەکرێت.