کۆبوونەوەیەکی لوتکە لە پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت

پەرلەمانی کوردستان
پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر

لە پەرلەمانی کوردستان کۆبونەوەیەکی لوتکە لەبارەی پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی بەرێوەدەچێت و پەرلەمان ئامادەکاری بۆ پەسەندکردنی پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی دەکات.

کاتژمێر 11ـی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە 8ـی کانوونی دووەم) لە پەرلەمانی کوردستان بە بەشداری نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان، ئەنجومەنی دادوەری و لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی، کۆبوونەوەیەکی لوتکە بەڕێوەدەچێت، کۆبوونەوەکە لەلایەن رێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

کۆبوونەوەکە تایبەتە بە گفتوگۆکردن لەبارەی ناوەڕۆکی پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناردویەتیە پەرلەمان بە مەبەستی وەرگرتنی سەرنج و تێبینی ئەو لایەنەنانە، راپۆرت لەسەر پرۆژەکە ئامادە دەکرێت و دەخرێتە بەرنامەی کار و  هەر کات راپۆرت ئامادەکرا، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دەکرێت.

پێشتر رۆمیۆ هەکاری، سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، پرۆژەیاسای لێبوردنی گشتی، وردەکاری زۆری تێدایە و ماوەیەکی دەوێت تا راپۆرتی لەسەر ئامادەدەکرێت، بەڵام لە ساڵی 2023 پەسەند دەکرێت و دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

لەبارەی بۆچوونی ئەنجومەنی دادوەری، دادوەر محەممەد مستەفا جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، بە کوردستان24ـی گوتبوو، تێبینیان لەسەر پرۆژەیاساکە هەیە، چونکە تاوان لە هەرێمی کوردستان زۆر بووە. ئەو دەڵێت: ئاراستەی ئەم پڕۆژەیاسایە بۆ راگرتنی سزای لە سێدارەدانە، ئێمە تێبینی خۆمان ئامادە دەکەین و دەیدەینە پەرلەمانی کوردستان.

هەر بەپێی زانیارییەکان، بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا راپۆرت لەسەر پڕۆژەیاسای لێبوردنی گشتی ئامادە بکرێت و بخرێتە بەرنامەی کاری دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە.