18 وڵات و ناوەندی نێودەوڵەتی دانیان بە جینۆسایدی کوردانی ئێزدیدا ناوە

"بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە کوردانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، پاڵپشتییەکی گرنگە بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا"
گۆڕستانێکی کوردانی ئێزدی
گۆڕستانێکی کوردانی ئێزدی

K24 – هەولێر

پەرلەمانی ئەڵمانیا بە ئامادەبوونی میری ئێزدیان، گفتوگۆ لەبارەی بەجینۆساید ناساندنی تاوانەکانی دژ بە ئێزدیان دەکات. ئەوە هاوکاتە لەگەڵ دانپێدانانی 18 وڵات و ناوەندی نێودەوڵەتی بە جینۆسایدی ئێزدیان.

میر حازم بەگ، میری ئێزدیان بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا 12 وڵات دانیان بە جینۆسایدی ئێزدیان داناوە و بڕیارە 19ـی ئەم مانگە لە پەرلەمانی ئەڵمانیا بە مەبەستی داننان بە جینۆسایدی ئێزدییەکان، پێشوازیمان لێبکرێت.

میر حازم بەگ هەروەها ئاشکرایکرد، ئێستا 320 هەزار ئێزدی لە ئەڵمانیا دەژین و دوای کوردستان، ئەڵمانیا دووەم وڵاتە بۆ ئێزدیان.

ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ، پەرلەمانی ئەوروپا، ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا، کۆمیسیۆنی باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، بریتانیا، فەرەنسا، کەنەدا، سکۆتلەندا، ئەرمینیا، ئۆسترالیا، هەرێمی کوردستان، پورتوگال، عێراق، هۆڵەندا، لیژنەی لێکۆڵینەوەی دەوڵەتی لە پرسی سووریا و رابیتەی جیهانیی زانایان، ئەو وڵات و ناوەندە نێودەوڵەتیانەن کە تاوانەکانی دژ بە کوردانی ئێزدیان وەک جینۆساید ناساندووە. خەیری بۆزانی، نوێنەری ئێزدیان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئەو زانیاریانەی بە کوردستان24 دا. 

بە گوێرەی زانیاریی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رێکەوتی 3ـی ئابی 2014 و لەگەڵ دەستپێکی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری تا ئێستا، زیاتر لە پێنج هەزار ئێزدی شەهیدبوونە.

چالاکانی بواری مافی مرۆڤ، بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە کوردانی ئێزدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، وەک پاڵپشتییەکی گرنگ بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەو تاوانانە لە ئاستی نێودەوڵەتی دەزانن.

خدر دۆملی، شارەزا لە پرسی ئاشتی و ململانێیەکان، لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی دژ بە کوردانی ئێزدی لەلایەن وڵاتان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان لە سێ رەهەندەوە زۆر گرنگە".

ئەو زیاتر گوتی: ئەمە پشتگیرییەکی مەعنەوی تەواوە بۆ ئێزدیان، یارمەتیدەر دەبێ بۆ ئەوەی تاوانی دژ بە ئێزدیان لە ئاستی نێودەوڵەتی وەک جینۆساید بناسێندرێت و کاریگەری تەواوی لەسەر زیندووهێشتنەوەی ئەو دۆسیەیە دەبێت.