رۆژنامەیەکی بەریتانی: داعش دەگەڕێتەوە

کەمپی هۆل
کەمپی هۆل

K24 - هەولێر:

رۆژنامه‌ی زه‌ سه‌بیكتاتۆری به‌ریتانی له‌ راپۆرتێكدا ئاشكرایده‌كات، رێكخراوی داعش دوای چوار ساڵ له‌ شكستهێنانی، جارێكی دیکە ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ‌و  شێواز و تاكتیكی پێکهێنانی شانه‌ نووستووه‌كانی گۆڕیوه‌ و هێرشی خوێناوی له‌ عێراق و سووریا ئه‌نجام ده‌ده‌ن.

له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌، شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر كۆتایینه‌هاتووه‌ و ترسی‌ دووباره‌بوونه‌وه‌ی داعش بۆ ئه‌و نه‌وه‌ نوێیه‌ی داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ له‌ كه‌مپی هۆل ده‌ژین، به‌جۆرێك مانگانه‌ 80 منداڵ له‌كه‌مپه‌كه‌دا له‌دایك ده‌بن، ئێستا نزیكه‌ی 60 هه‌زار ژن و منداڵ له‌ كه‌مپه‌كانی باكووری رۆژئاوای سووریا نیشتەجێکراون، كه‌ نیوه‌یان له‌سه‌رووی ته‌مه‌نی 18 ساڵییه‌وه‌ن. ئه‌م ژماره‌ زۆره‌ی گیراوان مه‌ترسی دروستبوونی نه‌وه‌ی دووه‌می داعشی لێده‌كرێت و به‌رده‌وام رێكخراوه‌كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی ئازادكردنیان ده‌كات.

راپۆرته‌كه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌، رێكخراوی داعش به‌رپرسیارێتی زیاتر له‌ 500 هێرشی تیرۆریستی لە ئەستۆ گرتووه،كه‌ له‌ خاكی عێراق و سووریا ئه‌نجامدراوه‌، ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌ی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ له‌سه‌ر به‌رده‌وامی مه‌ترسییه‌كانی داعش له‌ناوچه‌كه‌دا.

ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، رێكخراوه‌كه‌ گۆڕانكاری له‌ پلان و شێوازی دروستكردنی شانه‌ نووستووه‌كانیان بۆ ئه‌نجامدانی هێرشی كردووه‌، له‌وانه‌ به‌شێك له‌ چه‌كدارانی داعش له‌ناوچه‌ جیاجیاكان و له‌ ناوچه‌ بیابانییه‌ فراوانه‌كان و ناوچه‌ چیاییه‌كاندا خۆیان حه‌شار ده‌ده‌ن، به‌شی زۆری ئه‌و هێرشانه‌ی ئه‌نجامیده‌ده‌ن خوێناوین، به‌جۆرێك له‌ كانوونی یه‌كه‌می ساڵی رابردوو له‌عێراق و سووریا 45 كه‌سیان له‌ڕێگه‌ی سووتاندن و به‌ ئامانجگرتنی كاروانه‌ سه‌ربازییه‌كانه‌وه‌ كوشتووه‌. ئه‌مه‌ش زه‌نگی مه‌ترسیداره‌ له‌باره‌ی زیادبوونی كرده‌وه‌ی تیرۆریستی ‌.

بەگوێرەی راپۆرتەکە زیاتر له‌ 30 هه‌زار چه‌كداری رێكخراوه‌كه‌ له‌ عێراق و سووریا له‌ به‌ندینخانه‌كاندان، ئه‌م سوپایه‌ له‌ هاووڵاتیانی ده‌یان وڵاتی جیهان پێكهاتوون‌ و ئاماده‌نین وه‌ریانبگرنه‌وه‌ و رێكخراوه‌كه‌ش مێژووییه‌كی دوورو درێژی له‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر به‌ندینخانه‌كان و رزگاركردنی گیراوانی دا هه‌یه‌، عێراقی و سوورییەکان سێ لەسەر چواری ئەو 60 هەزار دەستگیرکراوە پێکدەهێنن.

هاوكات له‌كه‌مپ و گرتووخانه‌كانی سووریادا 10 هه‌زار سه‌ربازی وڵاتان هه‌ن‌، سه‌ره‌ڕای هه‌وڵه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ته‌نیا توانراوه‌ 537 چه‌كداری بیانی بگه‌ڕێندرێنه‌وه‌، به‌جۆرێك رێژه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی بیانییه‌كان 0.5% تێپه‌ڕ ناكات و ئه‌گه‌ر پرۆسه‌كه‌ به‌مشێوه‌یه‌ بڕوات، ئه‌وا پێویستی به‌ 30 ساڵه‌ تاوه‌كو تەواوی چه‌كداره‌كان دەگەڕێندرێنەوە.