هیوا ئەحمەد مستەفا: پارتی چاوەڕێی یەکێتییە

"لەگەڵ یەکێتی کێشەکان چارەسەر دەکەین"
kurdistan24.net

K24 – هەولێر

هیوا ئەحمەد مستەفا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، رایگەیاند کە پارتی چاوەڕێی یەکێتی نیشتمانی کوردستانە بۆ دیاریکردنی کاتی کۆبوونەوەی دووقۆڵی.

هیوا ئەحمەد مستەفا کە هاوکات بەرپرسی رێکخراوە جەماوەرییەکانی پارتییە، بە کوردستان24 دەڵێ: چاوەڕێی دیارکردنی کاتین لەلایەن یەکێتییەوە بۆ ئەوەی پێكه‌وه‌ کۆببینەوە، لەگەڵ یەکێتی کێشەکان چارەسەر دەکەین و ناکرێت دۆخەکە بەو شێوەیە بمێنێتەوە.

هەر ئەمرۆ سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەکێتی ئاشکرایکرد، لە "داهاتوویەکی نزیکدا" هەر دوو لایەن کۆدەبنەوە.

ئەو، لەبارەی گۆڕانکارییەکانی نێو حکومەت کە پارتی و یەکێتی داوایانکردووە، گوتی: بریارە بەمنزیکانە پەرلەمانی کوردستان لەبارەی گۆڕانکارییەکان کۆببێتەوە.

لە دوای کۆنگرەی 14ـی پارتی دیموکراتی کوردستان، کۆمیتەی ناوەندی ئەو حزبە بڕیاریدا ئەو ئەندامانەی مەکتەبی سیاسی کە پۆستی باڵای حکومی و پەرلەمانیان هەیە، دەست لەکاربکێشنەوە. بەو پێیە هەر یەک لە پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کارەباری ئایینی، هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و زاگرۆس فەتاح کەمال بریکاری وەزارەتی پلاندانان، دەبێت دەست لە پۆستەکانیان بکێشنەوە و جێگرەوەیان بۆ دیار بکرێت.

هەروەها یەکێتی بەنیازە لەجێی شۆڕش ئیسماعیل، رێباز بێرکۆتی بکاتە وەزیری پێشمەرگە و ئەحمەد عەسکەری لە جێی خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کارباری دانوستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، دابنێت.