مانچێسته‌ر یونایتد له‌ دوای نه‌مانی كریستیانۆ بڕیارێكی نوێی ده‌ركرد

بڕۆنۆ فێرناندێز بووه‌ یه‌كه‌مین یاریزان ئه‌م بڕیاره‌ی به‌سه‌ردا جێبه‌جێ كرا
كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی پێشووی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد
كریستیانۆ رۆناڵدۆ یاریزانی پێشووی یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد

كارگێری یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد له‌ دوای ده‌ستبه‌رداربوون له‌ كریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی بڕیارێكی نوێی ده‌ركردووه‌ و چیتر ئاماده‌ نییه‌ مووچه‌ی خه‌یاڵی بداته‌ هیچ ئه‌ستێره‌یه‌ك.

كریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای ئه‌وه‌ی گه‌ڕایه‌وه‌ مانچێسته‌ر یونایتد مووچه‌ی هه‌فتانه‌ی 500 هه‌زار پاوه‌ند بوو، به‌ڵام ئه‌و یاریزانه‌ پێش مۆندیالی 2022 گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شایه‌وه‌، له‌مه‌ودوا كارگێری ئه‌و یانه‌یه‌ بڕیاریداوە سنورێک بۆ مووچەی یاریزانەکانی دابنێت، لە هەمان کاتدا مووچەی بەشێک لە یاریزانەکانیشی کەم بکاتەوە.

یەکێک لە کێشە گەورەکانی ئەم دواییە یانە ئینگلیزیەکە، زۆری مووچەی یاریزانەکانی بووە، هەر ئەمەش وایکردووە ئەو یانەیە تووشی قەیرانێکی گه‌وره‌ ببێتەوە.

رۆژنامەی سەنی بەریتانی زانیاری دەستکەوتووە، کارگێری یانەکە بە پاڵپشتی ئێریک تێن هاگی بەرێوەبەری هونەری یانەکەیان، بڕیاریانداوە لەمەودوا هەر یاریزانێک بۆ ریزەکانیان بگوازنەوە، مووچەی هەفتانە لە 200 هەزار پاوەند زیاتر نەبێت.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردووەتەوە بەرپرسانی مان یو ئەم پرۆسەیان دەستپێکردووە و، یەکەم یاریزانیش برۆنۆ فێرناندێز ناوەڕاستکاری پۆرتوگالی رازی بووە لە مووچەکەی کەم بکرێتەوە، چاوەڕێ دەکرێت لە پاش ئەو داڤید دی خیای گۆڵپارێزی ئیسپانی مووچەکەی کەم بکاتەوە.