گاریس به‌یل وازهێنانی له‌ یاریكردن راگه‌یاند

گاریس به‌یل یاریزانی وێڵزی یانه‌ی ریال مه‌درید
گاریس به‌یل یاریزانی وێڵزی یانه‌ی ریال مه‌درید

بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو گاریس بەیڵی وێڵزی لە تەمەنی 33 ساڵیدا وازهێنانی یەکجاری لە یاریکردن راگەیاند.

گاریس بەیڵ لە تویتەری فەرمی خۆی بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و رایگەیاند دوای بیرکردنەوە بڕیاریدا دەستبەجێ واز لە یاریکردنی تۆپی پێ بهێنێت.

گاریس بەیڵ دەڵێت: هەست بە بەخت دەکات، چونکە خەونەکەی لە ئەنجامدانی وەرزش بەدەستهات و بۆ ماوەی حەڤدە ساڵ ئەو یارییەی کرد کە خۆشی دەوێت.

بەیڵ کاروانێکی گەورەی لەگەڵ یانەکان بەڕێ کردووە و یاریی بۆ یانەکانی ساوسامتن و تۆتێنهام و ریال مەدرید و لۆس ئانجێلێس کردووە، بە گشتی لەگەڵ یانەکان بەشداری 554 یاریی کردووە و 186 گۆڵ و 139 ئەسیستی هەیە، یەکێک بوو لەو یاریزانانەی پێنج ناسناوی چامپیۆنزلیگی لەگەڵ مێرەنگی بردەوە، لگەڵ بردنەوەی سێ ناسناوی لالیگا و چوار ناسناوی مۆندیالی یانەکان و سێ جامی سوپەری ئەوروپا و جامێکی شای ئیسپانیا، لەگەڵ بردنەوەی سێ ناسناوی جامی سوپەری ئیسپانیا، لەگەڵ تۆتێنهامیش ناسناوێک و دوو ناسناویشی لەگەڵ لۆس ئانجێلێسی ئەمریکی بردەوە.

لەگەڵ هەڵبژاردەی نیشتمانیش، گاریس بەیڵ 111 یاریی فەرمی بۆ وێڵز کردووە و 40 گۆڵ و 22 ئەسیستی تۆمار کردووە، بەڵام هیچ ناسناوێکی نێودەوڵەتی لەگەڵ هەڵبژاردەکەی نەبردووەتەوە.