ژیاننامەی شازادە هاری بە فەرمی کەوتە بازاڕەوە

گەورەترین کتێبی شاهانە کەوتە بەر دیدی خوێنەران
کتێبی سپێر، ژیاننامەی شازادە هاری
کتێبی سپێر، ژیاننامەی شازادە هاری

K24 - هەولێر:

دوای چەند مانگێک لە چاوەڕوانی، دواجار کتێبی ژیاننامەی شازادە هاری بەناوی "سپێر" لە بەریتانیا لە زێدی خۆی کەوتە بازاڕەوە و هەڕەشەی شەرمەزارکردنی زیاتری بۆ بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا دروستکرد.

ئەمڕۆ سێشەممە (10ی کانوونی دووەمی 2023) کتێبی ژیاننامەی شازادە هاری بە فەرمی کەوتە نێو بازاڕ.

هەندێک لە کتێبخانەکانی بەریتانیا لە دوینێوە تا بەرە بەیانی ئەمڕۆ کراوەبوون بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی هاری کە بە گەورەترین کتێبی شاهانە دادەنرێت لەدوای کتێبەکەی شازادە دیانای دایکی هاری کە بەناوی "دیانا: چیرۆکی راستەقینەی ئەو" لە ساڵی 1992 دەرچوو.

هاوکات تا ئێستا، لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کتێبەکەدا، شازادە هاری چوار هەڤپەیڤینی ئەنجامداوە لە هەردوو وڵاتی بەریتانیا و ئەمەریکا.

ناوەڕۆکی ژیاننامەکەی شازادە هاری کە بە 16 زمان و وەک کتێبێکی دەنگی بەردەست دەبێت، پێشتر بە شێوەیەکی بەرفراوان دزەیپێکراوە، دوای ئەوەی بە هەڵە کۆپییەکی لە ئیسپانیا کەوتە بازاڕەوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی فرانس پرێس، شازادە هاری لە کتێبەکەیدا بانگەشەی ئەوەی کردووە، کە ویلیامی برای هێرشی جەستەیی کردووەتە سەری لەکاتێکدا مشتومڕیان لەسەر هاوسەرەکەی هاری (مێگان) کردووە.

لە کتێبەکەدا، شازادە هاری چەندین نهێنی ژیانی خۆی ئاشکراکردووە، یەکێک لەو نهێنییانەش کوشتنی 25 کەس بووە لەلایەن شازادە هارییەوە لەکاتی ئەرکەکەیدا لە ئەفغانستان.

شازادە هاری ئاماژە بەوە دەکات، وەک یاری شەترەنج بکات ئەفغانیەکانی لەسەر بۆردی یارییە سڕیونەتەوە.

ئەم قسانەی شازادە بەریتانیەکە تاڵیبانی تووڕەکردووە و ئەنەس حەقانی، سەرکردەی باڵای تاڵیبان لەو بارەیەوە رایگەیاندبوو: ئەوانەی کوشتوونت ئەفغانی بوون و خێزان و کەسوکاریان هەبووە. ئەوانەش مرۆڤ بوون و داشی شەترەنج نەبوون و تۆش تاوانی جەنگت ئەنجامداوە. سەرەرای هەموو ئەوانە ئێوە یارییەکەتان دۆڕاند.

شازادە هاری، ئەندامێکی خێزانی شاهانەی بەریتانیا 10 ساڵ خزمەتی سەربازی هەیە و پلەی کاپتنە لە سوپای وڵاتەکەی و دووجار بە ئەرکی سەربازی چووەتە ئەفغانستان.