ئه‌ڵمانیا به سه‌ردانێك چین تووڕه ده‌كات

K24 - هه‌ولێر:
سه‌ردانی شاندێكی پارتی دیموکراتی ئازادی ئەڵمانیا بۆ تایوان و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته چینی تووڕه كردووه.
رۆژی دووشه‌ممه (9ـی كانوونی دووه‌می 2023)، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئازادی ئەڵمانیا به میدیاكانی وڵاته‌كه‌ی راگەیاند، شاندێکی پارتی دیموکراتی ئازادی ئەڵمانیا سەردانی تایوانی کرد و لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی تایوان کۆبووه‌وە.
به‌گوته‌ی ناوبراو، شانده‌كه‌ی پارتی دیموكراتی ئازادی پەیوەندی و هەماهەنگییەکانی ئەڵمانیای لەگەڵ تایوان دووپاتکردووه‌ته‌وه. جەختیشیکردەوە، ئەم سەردانەش پەیامێکە بۆ چین و هەر هەڕەشەیەکی سەربازیش لە ناوچەکە رێگەپینەدراوە.
ئاماژەی بەوەشدا، دۆخەکە لەنێون چین و تایوان ئاڵۆزە و یەکێتی ئەوروپا و ئەڵمانیاش دەبێت پشتیوانی لە تایوان بکەن.
هاوکات، باڵیۆزخانەی چین لە بەرلین لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرایکرد، سەردانی شاندی ئەڵمانیا بۆ تایوان ئاماژەیەکی هەڵەیە و بەرلین رێگەیپێنەدراوە پەیوەندی فەرمی لەگەڵ تایوان هەبێت.