محه‌ممه‌دی حاجی مه‌حموود: پارتی و یەکێتی هیچ چارەیەکیان نییە جگە لە پێکەوە کارکردن

محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان
محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان

K24 - هه‌ولێر:

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحموود لەبارەی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند "لە ئەگەری بەردەوامی ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و یەکنەگرتنی هێزی پێشمەرگە، هەڵوێستی هاوپەیمانان کە مەشق بە هێزەکان دەکەن و بوودجەیان بۆ تەرخان دەکەن، رەنگە گۆڕانکاری بەسەردا بێت".

محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵی توركی، وەڵامی چه‌ند پرسیارێكی تایبه‌ت به‌ پرسە سیاسییە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی هه‌رێم لەگەڵ بەغدا، هەروەها ململانێ جیهانییەکانی دایه‌وه‌.

محەمەد حاجی مەحموود لەبارەی ئەو کتێبانەی نووسیونی به‌ ئاژانسی ئه‌نادۆڵی گوت: "من ئەوەی واقیعە ئەوە دەڵێم، بەڵگەنامەم لایە، ناوی هەر کەسێکم هێنابێت لەناو کتێبەکەمدا، دوو سێ نامەی ئەو کەسە خۆیشی تێدایە. هەمووان پێیان حەقە راستییەکان بگوترێت، ئینجا پێویستە راستییەکان کاتێک بگوترێت ئەو کەسە خۆی مابێت، تاکو ئەگەر وانەبێت بڵێت وانییە. من یەکەم جار کە کتێبم نووسی یەکەم جار بوو ناوی کەسانێک بهێنم و بڵێم فڵان وای کرد و فڵان وایگوت یان فڵان حزب وای کرد. کەس لەوەوپێش ئەوەی نەدەگوت و نەدەکرد. ئەو بەڵگەنامەی لای منن هەندێکیان دوای 15 ساڵ و هەندێکیشیان دوای 25 ساڵ بڵاویان دەکەمەوە، ئیتر ئەو کەسە خۆی لێی بەرپرسە نەک من".

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحموود لەبارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سه‌رۆك  مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی گوتی: "نێوانم لەگەڵ مام جەلال باش بوو، من نێوانم لەگەڵ هەموویان باش بووە، بەڵام ئەوان چەندێک باشن لەگەڵ من ئەوەیان نازانم. نێوانم لەگەڵ کاک مەسعوودیش باشە و کەم کەم سەردانی دەکەم".

- کۆبوونەوەکەی دوکان یەکلایەنە لای یەکێتیی پێشنیاز کرابوو بۆ ئەوەی ئەنجوومەنێکی سیاسیی دروست بکرێت

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحموود سەبارەت بە تەبایی حزبەکانی هەرێمی کوردستان، گوتی: "لە راستیدا لە باسی تەبایی حزبە کوردییەکاندا، پێویستە تەرکیز بخرێتە سەر دوو حزبی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستان. دوو حزب کە هەموو جومگەکانیان لە دەستدایە. لە رووی سیاسییەوە لە پەرلەمان و حکوومەت سەدا 50 زیاتریان بەدەستەوەیە. لە رووی سەربازییەوە لەسەدا 95یان لەدەستدایە. لە رووی ئاساییش، دەسەڵات، دارایی و ئابوورییەوە لەسەدا 100یان لە دەستدایە. لە رووی سیاسییەوە لەسەدا 70یان لە دەستدایەوە و رەنگە حزبەکانی دیکە لەم رووەوە لەسەدا 30 بن. ئەگەر ئەوان بیانەوێت رێک بکەون یان تەبا بن ئەوا ئەو لەسەدا 30یە هاوکاریان دەبێت، بەڵام ئەگەر نەیانەوێت ئەوا ئەو لەسەدا 30یە ناتوانێت هاوکار بێت. من زۆر لام سەیرە زۆربەی خەڵک و راگەیاندنەکانی کوردستان دەڵێن 'حزبەکانی کوردستان بەیەکەوە رێک ناکەون'. حزبەکانی کوردستان کێن؟ دوو حزبن. ئەگەر ئەو دوو حزبە رێک بکەون، ئەوا حزبەکانی دیکە کە لەسەدا 30 پێکدەهێنن، هاوکار دەبن و ئەوکات حزبەکانی کوردستان رێکدەکەون".

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحموود لەبارەی قەبارەی کێشەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن یان لێکتێگەیشتن گوتی: "دوای ئەوەی کێشەکان هەندێک زەق بوونەوە، کۆبوونەوەی دوکان کرا، هەموو حزبەکان بێجگە لە پارتی بەشدار بوون. کۆبوونەوەکەی دوکان یەکلایەنە لای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە پێشنیاز کرابوو، بۆ ئەوەی ئەنجوومەنێکی سیاسیی دروست بکرێت، ئەو حزبانەی تێدا کۆببێتەوە و پێکەوە بڕیارێکی سیاسییان هەبێت. لەو ماوەیەدا ناکۆکییەکان زۆر توند بوونەوە. لەم چەند رۆژەدا، چەند کۆبوونەوەیەکیان کردووە و دەگەنە ئەنجام، چونکە ئەو دوو حزبە هیچ چارەیەکیان نییە جگە لە پێکەوەکارکردن. ئەگەر پێکەوە کارنەکەن، هێزەکانی هاوپەیمانان کە مەشق بە پێشمەرگە دەکەن، یان ئەمریکا کە پارە دەدات بە هێزی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان و دژەتیرۆر، رەنگە هەڵوێستێکی دیکەی هەبێت ئەگەر ئەو دوو حزبە ناکۆک بن، چونکە ئەوان داوای یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە دەکەن. ئەگەر ئەمان دژ بن ئەوانیش هەڵوێستێکی تریان دەبێت".

- دوو جار هێزەکانی پێشمەرگە یەکیان گرتووەتەوە و لێکدابڕاون

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحموود لەبارەی یەکگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەژێر کاریگەری بارودۆخی ئێستای ناوچەکەدا گوتی: "من پێموانییە هێزی پێشمەرگە بەو شێوەیەی خەڵک دەیەوێت یەکبگرێتەوە، هەرگیز یەکناگرێتەوە، بەڵام ئێمە تاکو ئێستا دوو ئەزموونمان هەیە، ئەزموونی یەکەم لە دوای یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 1992، هێزی پێشمەرگە بوو بە یەک هێز. هەڵبەتە پەنجا بە پەنجا بوو ئەگەرچی ئێمەیش بەشداربووین تیایدا، بەڵام کاتێک شەڕی ناوخۆ دەستی پێ کرد هەموو هێزەکانی پێشمەرگە لە ماوەی یەک کاتژمێردا جیابووەوە. نەک تەنها جیابوونەوە بەڵکو شەڕی یەکتریشیان کرد. ئەزموونی دووەمیشمان لە کاتی شەڕی داعش بوو کە زیاتر لە 14 لیوای هێزەکانی پێشمەرگە یەکیان گرتبووەوە. هێزەکانی 70 و 80یشلە بەرەکانی شەڕ بوون و بەرگرییان دەکرد، بەڵام کاتێک 16ی ئۆکتۆبەر و هێرشی عێراق بۆسەر کەرکووک، خانەقین، شنگال و ئەو ناوچانە روویدا و دەستی پێ کرد لە ماوەی کاتژمێرێکدا لیواکانیش جیابوونەوە و چەکەکانیان لەنێوان خۆیاندا دابەش کرد. ئەمەی ئێستایش هەمان شێوەیە. رەنگە لەژێر فشاری ئەمریکا یان لەبەرئەوەی ئەمریکا پارەی پێشمەرگە نەبڕێت، یان لەبەر ئەوەی وڵاتانی هاوپەیمان مەشق بە پێشمەرگە دەکەن. یەکگرتن ئەوەیە ئەوەی ئێستا هێزی پێشمەرگە هەیەتی، هەمووی خانەنشین بکرێت. داوای تەمەن بکرێت ئەوانەی شموول دەکەن. داوا بکرێت تەجنید دابنرێت، داوا بکرێت کێ دێت و لە وەزارەتی پێشمەرگە دادەمەزێت. کۆمەڵێک گۆڕانکاری بکات، ئەو کەسەی دەبێتە پێشمەرگە بۆ داهاتووی خۆی پابەند دەبێت و چارەنووسی خۆی دەبەستێتەوە بەو وەزارەتەوە. وەک کارمەندانی وەزارەتی دیکە. پێویستە خەڵک خۆی بێت بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نەک بە تەزکییەی حزبی بکرێت. ئەو کاتە ئەو هێزە دەتوانێت ببێتە هێزی یەکگرتووی کوردستان، ئێستا بەم شێوەیە نابێت".

- سوودانی ئێستایش ترسی لە سەدر هەیە ئەگەر لەماوەی ساڵێکدا گوزەران باش نەکات دێتەوە سەر شەقام

محەمەد حاجی مەحموود لەبارەی دۆخی عێراق، گوتی: "عێراق لەئێستادا عێراقێکی شپرزەیە. هیچ بڕیارێکی سیاسیی لە عێراقدا نادرێت. بڕیارەکان لە دەرەوە دەدرێن. وڵاتانی ئیقلیمی و جیهان کاریگەرییان هەیە لەسەری. لە عێراقدا کە هەڵبژاردن کرا یەک ساڵ و چەند رۆژێکی پێچوو و نەتوانرا حکوومەت پێکبهێنرێت. لەکاتێکدا لە بەریتانیا لە پاشنیوەڕۆوە تاکو ئێوارە حکوومەتەکەیان پێکهێنا. لە عێراقدا پێکنەهێنانی حکوومەت هەموو پێوەرەکانی تێپەڕاندووە. بۆ یەکەمین جارە کورد لەگەڵ بەغدا و سەرۆکوەزیرانی عێراق بە نووسین کار بکات. لە پێشتردا شتەکان زارەکی و بە قسە بوون، بەڵام ئەمجارە خاڵەکانی رێککەوتن بە نووسین کراوە. ئەمە ئیلتیزامێکە لەگەڵ عێراقدا. رێگرییەکانی بەردەم سوودانی لە ئەگەری جێبەجێنەکردنی ئەم خاڵانەدا؟ دەبێت بتوانێت لە ماوەی شەش مانگدا گۆڕانکاری لە عێراقدا بکات لە رووی ئابووری و خزمەتگوزاری و ئیمتیازاتەکانی تایبەت بە خەڵکی عێراق، هەروەها ئەو پارە زۆری ئێستا لە عێراق کەڵەکە بووە دەبێت دابەشی بکات بەسەر پارێزگاکان و لەنێویشیاندا هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، محەمەد حاجی مەحموود لەبارەی خاڵەکانی رێککەوتنی نێوان کورد و حکوومەتی عێراق ئاشکرای کرد "خاڵەکانی رێککەوتنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ سوودانی پەیوەندی بە بەشەبوودجەی کوردستان، هێزی پێشمەرگە و ماددەی 140ەوە هەیە. سوودانی بەر لەوەی رێککەوتنەکە بکات رای وابووە کە بابەتی پارە و بوودجەی هەرێمی کوردستان چارەسەر دەکات، چونکە دەڵێت ئەو نەوتەی دەفرۆشرێت پارەکەی دێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و ناڕواتە دەرەوە، کەواتە بۆتان چارەسەر دەکەین. بەرلە رێککەوتنە نووسراوەکەشیان بەڵێنی ئەوەی داوە، بەڵام پێویستە ئێستا کورد پێ لەسەر ئەو خاڵانە دابگرێت، پێویستە شاندی کوردی لە بەغدا بێت و لەوێ نەیەتەوە و نوێنەرایەتی دابنێت تاکو لە ماوەی شەش مانگ بۆ کەمتر لە ساڵێک خاڵەکان جێبەجێ بکات".

محەمەد حاجی مەحموود سەبارەت کۆسپ و تەگەرەکانی بەردەم سەرۆکوەزیرانی عێراق، گوتی: "سوودانی ئێستایش ترسی لە سەدر هەیە. ئەگەر لە ماوەی نزیکەی شەش مانگدا نەتوانێت 75 تاکو 100 هەزار کەس لە دەرچووی پەیمانگا و زانکۆکان دابمەزرێنێت، یان لە هەموو پارێزگاکان کاری خزمەتگوزاری دەست پێ نەکات و ئەو پارەیەی هەیە دابەشی نەکات بەسەر پارێزگاکاندا و دابەشی سەر حزبەکانی بکات، ئەوکات سەدر دێتەوە سەر شەقام، بەڵام ئەگەر هەموو ئەم کارانەی کرد، ئەوکات سەدر خەڵکە رەشوڕووتەکەی بەدەستەوە نامێنێت و خەڵک نایەتە سەر جادە. لە ئەگەری ئەوەی سەدر رێگری لە حکوومەتەکەی بکات، سوودانی ناتوانێت بەردەوام بێت لەکاتێکدا ملیۆنێک کەس لەسەر جادە بن".