"داوا له‌ راهێنه‌ره‌كه‌یان ده‌كه‌ن به‌ زووترین كات یانه‌كه‌ جێبهێڵێت"

گراهام پۆته‌ر راهێنه‌ری یانه‌ی چێڵسی
گراهام پۆته‌ر راهێنه‌ری یانه‌ی چێڵسی

به‌ گوێره‌ی سه‌رچاوه‌كانی راگه‌یاندنی به‌ریتانیا، یاریزانانی چێڵسی له‌ راهێنه‌ره‌كه‌یان یاخی بوونه‌ و داوای لێ ده‌كه‌ن به‌ زووترین كات مه‌شقه‌كانی یانه‌كه‌ جێبهێڵێت. له‌لایه‌كی دیكه‌یشه‌وه‌ 5 راهێنه‌ر بۆ شوێنگره‌وه‌یان به‌ربژێر كراوه‌.

ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ـی بەریتانی بڵاویکردەوە، به‌شێك لە یاریزانانی یانەی چێڵسی سیاسه‌ت و ڕێنماییه‌كانی گراهام پۆتەریان جێبه‌جێ ناكه‌ن و به‌ پێچه‌وانه‌ی تاكتیك و پلانه‌كانی راهێنه‌ره‌كه‌یان یاریی ده‌كه‌ن.

گراهام پۆتەر دوای ئەوەی لە شوێنی تۆماس توخێل بووه‌ راهێنه‌ری یانه‌ی چێڵسی،  لەلایەن هاندەرانی چێڵسیەوە پێشوازییه‌كی گه‌رمی لێكرا، هیوای ئه‌وه‌یان بە گراهام پۆتەر هه‌بوو كه‌ شتەکان لە ستامفۆرد بریج له‌ به‌رژه‌وه‌ندی چێڵسی بگۆڕێت، به‌وپێیه‌ی پۆته‌ر پێش ئه‌وه‌ی بێته‌ چێڵسی، کاری نایابی لەگه‌ڵ برایتۆن کرد.

سه‌رچاوه‌ ئینگلیزییه‌كه‌ نووسیویه‌تی: کێشەکانی ئێستای یانه‌ی چێڵسی هەمووی بەهۆی پۆته‌ر نییه‌، به‌وپێیه‌ی به‌شێك لە گرێبەستەکانی ئەم دواییەی یانەکە بەپێی پێویست باش نەبوون و له‌سه‌ر خواستی پۆته‌ر ئه‌نجام نه‌دراوه‌.

چێڵسی بیر له‌ دوورخستنه‌وه‌ی پۆته‌ر ده‌كاته‌وه‌

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەکانی بەریتانیا ئاشکرایانکردووە، یانەی چێڵسی بیر لەوە دەکاتەوە ڕاهێنەرەکەی گراهام پۆتەر لە پۆستەکەی دووربخاتەوە و 5 ڕاهێنەری دیاریکردووە بۆ ئەوەی جێگەی ڕاهێنەرە ئینگلیزییەکە بگرێتەوە.

پۆتەر ئێستا بەدەست ئه‌نجامه‌ خراپه‌كانه‌وه‌ دەناڵێنێت، یه‌كه‌مجاره‌ له‌ 30 ساڵی رابردوو راهێنه‌رێك ئه‌و ئه‌نجامه‌ خراپه‌ له‌ ده‌ستپێكی پرێمه‌رلیگ بۆ چێڵسی تۆمار بكات، به‌وپێیه‌ی چێڵسی له‌ دوایین 9 یاریی له‌ سه‌رجه‌م پاڵه‌وانێتییه‌كان 6 یاریی دۆڕاندووه‌، 2 بردنه‌وه‌ و به‌رامبه‌ربوونێكی هه‌یه‌.

یانه‌ی چێڵسی ئێستا له‌ پله‌ی ده‌یه‌می پرێمه‌رلیگ دێت، له‌ جامی فا و كاراباویش دوورخراوه‌ته‌وه‌.

ڕۆژنامەی "زە سەن"ـی بەریتانی ئاشكرای كردووه‌ 5 ڕاهێنەر بۆ شوێنگره‌وه‌ی گراهام پۆته‌ر به‌ربژێرن، یەکەمیان، ماوریسیۆس پۆچیتینۆی ڕاهێنەری پێشووی تۆتێنهام، بەتایبەتی دوای ئەوەی لە کۆتایی وەرزی ڕابردوودا لە پاریس سانجێرمان ڕۆشت، پۆچیتینۆ لە سەرەتای ڕاهێنەرایه‌تی له‌گه‌ڵ یانەی تۆتێنهامەوە کێشەی لەگەڵ هاندەرانی چێڵسی هەبووە، ئەمەش وایکردووە نزیكبوونه‌وه‌ پۆچیتینیۆ و چێڵسی كه‌مێك سه‌خت بێت.

دووه‌م: برێندان ڕۆدگێرزە کە یاریدەدەری خۆزێ مۆرینیۆ بووە لە یانەی چێڵسی و لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٦ و ٢٠٠٨دا، ئێستا رۆدگێرز هەڕەشەی دوورخستنەوەی لە لایه‌ن كارگێری لیستەر سیتی له‌سه‌ره‌، لەلایەن هاندەرانی چێڵسی  ئه‌و راهێنه‌ره‌ ڕێزی زۆری لێدەگیرێت.

سێیەم: دیێگۆ سیمیۆنی ڕاهێنەری یانەی ئاتڵێتیكۆ مەدرید لە ساڵی 2011ـەوە ساڵانە 36 ملیۆن یۆرۆ وەردەگرێت و بە زۆرترین مووچەی ڕاهێنەرانی له‌ جیهان هه‌یه‌، یاریزانە تەمەن 52 ساڵەکە سیڤییەکی نایابی هەیە، به‌ڵام هەرگیز ڕاهێنەرایەتی لە ئینگڵاند نەکردووە، بەڵام ڕەنگە گونجاو نەبێت بۆ چێڵسی، چونكه‌ مووچه‌كه‌ی زۆره‌.

چوارەم: زێدان، کە چاوەڕێی پۆستی ڕاهێنەری هەڵبژاردەی فەرەنسا بوو، بەڵام فیدراسیۆنی تۆپی پێی فه‌ره‌نسا ڕەتیکردەوە و بڕیاریدا گرێبەستەکەی دیشامپ تا ساڵی 2026 درێژبکاتەوە، ئەمەش دەرگای گەڕانەوەی زینه‌دین زیدان بۆ كاری راهێنه‌رایه‌تی ده‌كاته‌وه‌، زیدان جگە لە جامی شا هەموو پاڵەوانێتییەکانی لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید بەدەست هێنا، لە کۆتایی وەرزی ٢٠٢٠/٢٠٢١ لە یانەی شاهانە لە کارەکەی دوورکەوتەوە.

پێنجەم: تۆماس توخێل، یه‌كێكی دیكه‌یه‌ له‌ به‌ربژێره‌كان بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی دیکە بگەڕێتەوە بۆ بلوز بە ئامادەبوونی ئیدارەی ئێستا بە سەرۆکایەتی تۆد بۆیل ئەمریکی، کە لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا بڕیاری دوورخستنەوەی دا، بەڵام ڕەنگە بۆیلی دەستبەرداری شانازی خۆی بێت و راهێنه‌ره‌ ئەڵمانییەکە بخاتەوە سەر کورسی یەدەگ لە یانەی چێڵسی، ته‌نانه‌ت له‌ دوایین یاریی چێڵسی به‌رامبه‌ر مان سیتی، هانده‌ران داوای گه‌ڕانه‌وه‌ی تۆماس توخێلیان ده‌كرد.

ئه‌و 5 راهێنه‌ره‌ی بۆ شوێنه‌كه‌ی گراهام پۆته‌ر به‌ربژێركراون
ئه‌و 5 راهێنه‌ره‌ی بۆ شوێنه‌كه‌ی گراهام پۆته‌ر به‌ربژێركراون