بانكی ناوه‌ندیی عێراق لقی هه‌رێمی كوردستان هۆشداری ده‌داته‌ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی دراو

بانکی ناوه‌ندیی عێراق لقی هه‌رێمی کوردستان / هه‌ولێر
بانکی ناوه‌ندیی عێراق لقی هه‌رێمی کوردستان / هه‌ولێر

K24 – هه‌ولێر:

بانکی ناوه‌ندیی عێراق لقی هه‌رێمی کوردستان / هه‌ولێر ئاگاداری سه‌رجه‌م کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌كاته‌وه‌ تا (1ـی ئادار/مارسی 2023) ده‌بێت پابه‌ندی رێنماییه‌كانی بانكی ناوه‌ندیی عێراقبن به‌پێچه‌وانه‌وه‌ داده‌خرێن و مۆڵه‌ته‌كه‌یان لێوه‌رده‌گیرێته‌وه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ (10ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، بانکی ناوه‌ندیی عێراق لقی هه‌رێمی کوردستان / هه‌ولێر، داوای له‌ سه‌رجه‌م کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو له‌ هه‌رێمی کوردستان  كرد تاکو (1ـی ئادار/مارسی 2023) سه‌ردانی هه‌ردوو لقی هه‌رێمی كوردستانی بانکی ناوه‌ندیی عێراق له‌ هه‌ولێر و سلێمانی بکه‌ن  بۆ خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ  یاسا و رێنماییه‌کانی بانکی ناوه‌ندی عێراق.

له‌ ئاگاداركردنه‌وه‌كه‌یدا، بانکی ناوه‌ندیی عێراق لقی هه‌رێمی کوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه‌، سه‌رجه‌م کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی دراو له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌بێت په‌له‌ بکه‌ن له‌‌ پێشکه‌شکردنی داواکاری تێکه‌ڵبوونه‌وه‌ (یه‌کگرتن – الإندماج )ی كۆمپانیاكان بۆ هه‌ردوو جۆری پله‌به‌ندی كۆمپانیا (A و B).

هه‌روه‌ها بانکی ناوه‌ندیی عێراق لقی هه‌رێمی کوردستان هۆشداریداوه‌ته‌وه‌ كۆمپانیاكان له‌باره‌ی پاپه‌ندنه‌بوون به‌و رێنماییه‌، ئه‌وا له‌دوای (1ـی ئادار/مارسی 2023)، ئه‌وا کۆمپانیاکانیان داده‌خرێت و  مۆڵه‌ته‌که‌یان لێوه‌رده‌گیرێته‌وه.‌

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌، كه‌ رێژه‌ی به‌رزبوونه‌وه‌ی به‌های دۆلار به‌رامبه‌ر دیناری عێراقی له‌ بازاڕه‌كانی عێراقدا ناجێگیره‌ و له‌ به‌رزبوونه‌وه‌دایه‌، به‌جۆرێك ئه‌مڕۆ (10ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، به‌های 100 دۆلار گه‌یشته‌ 160 هه‌زار دینار له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

0