سبەی کلکدارێکی سەوز لە ئاسماندا دەردەکەوێت

لە 50 هەزار ساڵدا تەنیا جارێک بە نزیک زەویدا تێپەڕدەبێت
وێنەی کلکدارە سەوزەکە
وێنەی کلکدارە سەوزەکە

K24 - هەولێر:

بۆ یەکەمجار دوای 50 هەزار ساڵ، کلکدارێکی سەوز کە لە مانگی ئادارای ساڵی رابردوو دۆزرایەوە، سبەینێ پێنجشەممە (12ـی کانوونی دووەمی 2023) لە ئاسماندا دەردەکەوێت.

کلکدارە سەوزەکە لە 2ـی ئاداری 2022 لەرێگای کامێرای رووپێوی مەیدانی-فراوانی دامەزراوەی راگوزەری (زویکی) لە روانگەی پالۆمار لە ویلایەتی کالیفۆرنیا دۆزرایەوە.

بە گوێرەی ئاژانسی بۆشاییگه‌ری ئه‌مه‌ریكی (ناسا)، کلکدارە سەوزەکە لە 12ـی کانوونی دووەم نزیکترین نزیکبوونەوەی لە خۆر ئەنجام دەدات.

کلکدارەکە ناوی C/2022 E3 (ZTF) لێنراوە و لەسەر خولگەیەکە کە بە نزیک خۆردا تێدەپەڕێت و دواتر لە کۆمەڵەی خۆر دەردەچێت، ئەمەش وایکردووە کە گەشتێکی دووردرێژی هەبێت و لە 50 هەزار ساڵدا تەنیا جارێک بە نزیک زەویدا تێپەڕببێت.

بە گوێرەی هەواڵێکی وێبسایتی (earthsky)، ئەو کەسانەی حەز بە بینینی ئەم کلکدارە سەوزە دەکەن، دەتوانن لە نیوەگۆی باکووری زەوی لەرێگەی دووربین و تەلیسکۆبەوە بینین.

نزیکەی 54 وڵات دەکەونە نیوەگۆی باکووری زەوییەوە، لەوانەش (بەلجیکا، بولگاریا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، هۆڵەندا، سویسرا، ئۆکرانیا و رووسیا)

کلکدار تەنێکی بەستووی بچووکە کە بە دەوری کۆمەڵەی خۆردا دەسوڕێتەوە و تەنیا لەو کاتانەش دەردەکەوێت کە زۆر لە خۆرەوە نزیک دەبێتەوە. ناوەکەشی (کلکدار) بەهۆی شێوەکەیەوە لێینراوە.