زیاتر لە دوو ملیۆن کۆچبەر لە رێگەی سنووری مه‌کسیک چوونەتە نێو خاکی ئەمەریکا

بەهۆی کۆچبەران بایدن لەژێر فشاردایە
kurdistan24.net

K24 - واشنتن

بەهۆی زیادبوونی لێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی کە لە سنووری مەکسیک دەچنە نێو خاکی ئەمەریکا، ئیدارەی جۆو بایدن لەژێر گوشارێکی توندی کۆماری و بەشێک لە دیموکراتەکانیشدایه‌.

بایدن سەردانی ناوچەی ئەلپاسۆی لەسەر سنووری وڵاتەکەی کرد و رایگەیاند، قەیرانی کۆچبەران بە رۆژێک دروست نەبووە تاوەکو بە شەوێک چارەسەربکرێت، سەرەڕای گۆڕانکاری بەردەوام لە یاساکانی کۆچبەری، ئەمەریکا نەیتوانیوە رێگری لە لێشاوی کۆچبەرانی نایاسایی بکات.

 بەگوێرەی داتای پاراستنی سنوور و گومرگی ئەمەریکا ساڵی رابردوو زیاتر لە دوو ملیۆن و دوو سەد هەزار کۆچبەر سنووری ئەمەریکایان بەزاندووە.

جۆ بایدن دوای دوو ساڵ لە دەستبەکاربوونی بە مەبەستی چارەسەکردنی قەیرانی کۆچبەران سەردانی ناوچەی ئەلپاسۆ لەسەر سنووری وڵاتەکەی دەکات، کە بۆ چەندین دەیەیە بەهۆی بەزاندنی سنوور لەلایەن ملیۆنان کۆچبەری نایاسایی بووەتە بابەتێکی گەرم، وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا و بەڕێوەبەرایەتی پاراستنی گومرگ و سنوورەکان بە بەردەوامی گۆڕانکاری لە یاساکاندا دەکەن، بەڵام ئەوە نەبووەتە رێگر لە لێشاوی کۆچبەران کە زۆربەیان خەڵکی ئەمەریکای لاتینن.

ڤێرۆنیکا ئیسکۆبار، ئەندامی کۆنگرێس لە تەکساس  دەڵێت: "گفتوگۆیەکی زۆر باشمان بە مەبەستی چارەسەر لەگەڵ سەرۆک هەبوو، کارکردنی بەیەکەوە بەردەوام دەبێت، وەک خۆتان دەزانن شت لەم بوارەدا کراوە، بەڵام کارکردن سەبارەت بە ئاڵنگارییەکانی بەردەممان و دەرفەتەکانیش بەردەوام دەبێت".

لە ساڵی 2022 زیاتر لە دوو ملیۆن و دوو سەد هەزار کۆچبەر لە رێگەی سنووری مەکسیک چوونەتە نێو خاکی ئەمەریکا، ژمارەی کۆچبەرە نایاساییەکان لەسەردەمی ئیدارەی جۆو بایدن زیاتر هەڵکشاوە، ئەمە بایدنی خستووەتە ژێر گوشارێکی توندی کۆماری و بەشێک لە دیموکراتەکانیش. بایدن لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بەڵێنی چارەسەرکردنی قەیرانی کۆچبەرانی دا، بەگوێرەی راپرسییەکی دامەزراوەی "ریەڵ پۆڵیتیکس" 37%ی ئەمەریکییەکان لە ئەدای سەرۆکی وڵات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ قەیرانی کۆچبەران ناڕازین.

لانس فاین، هاووڵاتییەکی ئەمەریکایە و دەڵێت: "من خەڵکی ئەریزۆنام، لەوێ کێشەی زۆری پەڕینەوەی سنوور هەیە لەلایەن کۆچبەرانەوە، پێموایە تاوەکو سنوورەکان تووندبکەین، کێشەی زیاتر دروستدەبێت، ئەمەریکا لەبواری کۆچبەری ئازادی رەخساندووە، بۆیە پێویستە کۆچبەران رێزیان لێبگیرێت و رێگەیان پێبدرێت کار بکەن".

هاووڵاتییەکی ئەمەریکا رای وایە: "بایدن هەموو یاساکانی ئەمەریکای فەرامۆش کردووە و خەڵکیش پشتگیری لەوە ناکات، ئەو کێشەی زۆری بۆ وڵات هێناوە".

بایدن رایگەیاند، قەیرانی کۆچبەران بە رۆژێک دروستنەبووە و بە شەوێکیش چارەسەرناکرێت، دەبێت دۆخی مرۆیی و ئابووری کۆچبەران لەبەرچاو بگیرێت، کە سیاسەتی وڵاتەکانیان ناچاری کردوون پەنا ببەنە بەر ئەمریکا.

 لەدوایین گۆڕانکاری ئیدارەی بایدن، کۆچبەرانی وڵاتانی ڤەنزوێلا، هایتی، کوبا و نیکاراگوا دەتوانن بۆ ماوەی دوو ساڵ بۆ کارکردن لە ئەمەریکا بمێننەوە. ئەمەریکا لە خاکی مەکسیکیش ژمارەیەک کەمپی کردووەتەوە بۆ ئەو کەسانەی داوای پەنابەری دەکەن.