سێیەم رێککەوتنی ناتۆ لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا واژۆکرا

ئەمڕۆ گفتوگۆ لەسەر ئەم رێککەوتنە دەکرێت

K24 - برۆکسل

ئەمڕۆ چوارشەممە 11/1/2023، کۆنفرانسێکی تایبەت لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان هەردوو رێکخراوی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا لە برۆکسل بەڕێوەدەچێت.

هەوڵەکان بۆ بە ئەندامبوونی سوید و فیلەندا لە ناتۆ کێشەی تێکەوتووە، چونکە سوید چەند داواکاری تورکیای رەتکردووەتەوە و تورکیاش مافی ڤیتۆی لە دژی بەئەندام بونی سوید بەکارهێناوە.

بۆیە هەردوو رێکخرای ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا پلانی B بەکاردەهێنن ئەویش پەیوەندی نێوان ئەم دوو رێکخراوە بۆ ئاستێکی زۆر بەرزدەکەنەوە، لەسەر چەند پرسێک رێککەوتون بەتایبەت لە بواری ئەمنی و ئاسایش و بەرگری و خۆڕاگری و پاراستن و جیۆستراتیژی و تەکنەلۆژیادا.

سوید و فینلەندا، خۆشحاڵن بەم رێککەوتنە، چونکە ئەندامن لە یەکێتی ئەوروپا و دەیانەوێت لەژێر چەتری رێککەوتنی ناتۆ و یەکێتی ئەوروپادا لە هێرشەکانی رووسیا پارێزراوبن.

لە ساڵانی 2016 و 2018 ناتۆ و یەکێتی ئەوروپا، دوو رێککەوتنیان ئەنجامدا بۆ هەمەهەنگی و هاوکاریکردنی یەکتری لە چەند بوارێکی دیاریکراودا، واژۆکردنی سێیەم رێککەوتنی نێوان ئەم دوو رێکخراوە پەیوەندییەکانیان بۆ بەرزترین ئاست لە مێژوودا بەرزکراوەتەوە.