"ئالڤێس له‌ باره‌ی ده‌ستدرێژی سێكسی هاته‌ ده‌نگ"

دانی ئالڤێس به‌رگریكاری هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل
دانی ئالڤێس به‌رگریكاری هه‌ڵبژارده‌ی به‌رازیل

دادگای ئیسپانیا لێکۆڵینەوە لە دانی ئەلڤێسی بەرگریکاری پێشووی بەڕازیل دەکات کە تۆمەتبارە بەوەی لە مانگی ڕابردوودا لە یانەیەکی شەوانەی بارسێلۆنا دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر ژنێک.

دادگای باڵای کەتەلۆنیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، دادگای بارسێلۆنا لێکۆڵینەوەکانی لەگەڵ کەسێک دەستپێدەکات، گوایە دەستدرێژی سێکسی کردووە و  لەلایەن ئەو ژنەوە سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە کە دەستدرێژی کراوەتە سەر، سکاڵاکەش لە دووی ئەم مانگە تۆمار کراوە.

لە بەیاننامەکەی دادگای بارسێلۆنا ناوی ئالڤێس نەهاتووە، بەڵام سەرچاوە ئاگادارەکان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ئاشکرایان کردووە کە ئەم لێکۆڵینەوە پەیوەندی بە یاریزانەکەی پێشووی بارسێلۆناوە هەیە.

ئالڤێس دانی پێداناوە کە ئەو شەوە لەو یانەی شەوانە بووە، بەڵام رەتیدەکاتەوە هیچ هەڵەیەکی کردبێت و هەرگیز پێشتر ئەو ژنەی نەبینوە.

ئالڤێس ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەو شەوە بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش چووەتە یانە شەوانەکە و دەشڵێت: هەمووان دەزانن حەزی بە سەماکردنە و هیچ کارێکی نایاسایی نەکردووە.

دانی ئالڤێس له‌ مانگی نۆڤێمبه‌ری 2021 گه‌ڕایه‌وه‌ یانه‌ی بارسێلۆنا، دوای وه‌رزێك په‌یوه‌ندی به‌ خولی مه‌كسیكی كرد، له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا 408 یاریی كرد، 22 گۆڵ و 105 ئاسیستی تۆمار كرد.

دانی ئالڤێسی ته‌مه‌ن 39 ساڵ، پێشتر بۆ یه‌كه‌مجار له‌ ساڵی 2008 له‌ یانه‌ی سێڤییا روویكرده‌ بارسێلۆنا و 8 ساڵ له‌و یانه‌یه‌ به‌رده‌وام بوو، 3 نازناوی چامپیۆنزلیگ، 4 نازناوی لالیگا، 3 نازناوی سووپه‌ری ئه‌ورووپا و 4 نازناوی جامی شای له‌گه‌ڵ بارسێلۆنا به‌ده‌ستهێناوه‌.