ئه‌م پێنج خاڵه‌ی نه‌یهێشت فه‌ڕه‌نسا ببێته پاڵه‌وانی مۆندیال

هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسا وه‌ك پاڵه‌وانی مۆندیالی پێشووتر، ئه‌وه‌نده‌ی نه‌مابوو هاوشێوه‌ی رووسیا له قه‌ته‌ریش جامی پاڵه‌وانێتییه‌كه به‌رز بكاته‌وه، به‌ڵام هه‌ندێ بابه‌تی سه‌یروسه‌مه‌ره كه‌شوهه‌وای ناو ئه‌م تیپه به‌هێزه‌ی گۆڕی، هه‌ر ئه‌مه‌ش كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاستی ئه‌م هه‌ڵبژارده‌یه دروست كرد. به‌تایبه‌تی مانگێك پێش و مانگێك دوای مۆندیالی قه‌ته‌ڕ، ئێستاش هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسا باس و خواسی زۆری له‌سه‌ره و وادیاره كێشه‌كانی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسا كۆتاییان نه‌هاتووه. ئه‌م پێنج خاڵه‌ی خواره‌وه، گرنگترین كێشه‌كانی نێو هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسا بوونه.
دەنگۆی پەیوەندی مباپێ لەگەڵ جادووگه‌رێك
تەنها چەند هەفتەیەک پێش دەستپێکردنی مۆندیال، ماتیاس پۆگبا برای پۆڵ پۆگبا ئەستێرەی هەڵبژاردەی فەرەنسا له لێدوانێكدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه پۆڵ پۆگبا له ساڵی 2019دا بۆ لاوازكردنی ئاستی كیلیان مباپێ داوای له جادووگه‌رێك كردووه. مباپی دوای بیستنی ئه‌م بابه‌ته، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه بۆ هه‌ڵبژارده‌كه‌ی دروست نه‌بێت، خۆی لێ بێده‌نگ كرد.
په‌یوه‌ندییه ساردوسڕهكهی دیشامپ له‌گه‌ڵ بێنزێما
هه‌موومان ئاگاداری ئه‌و مشتومڕهین كه پێش یاری كۆتایی مۆندیال تووشی بێنزێما بوو. دوای ئه‌وه‌ی بێنزێما تۆپی زێڕینی برده‌وه، راهێنه‌ری هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسا چاره‌ی نه‌ما و ئه‌م یاریزانه ئاست به‌رزه‌ی بانگهێشت كرد. ئه‌ستێره‌ی هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسا له مه‌شق و راهێناندا تووشی پێكان بوو و ئۆردۆگای به‌جێهێشت. هه‌رچه‌ند ئه‌و پێش مۆندیال پێكانه‌كه‌ی چاره‌سه‌ر بوو و بۆ مه‌شقه‌كانی ریاڵ مه‌درید گه‌ڕایه‌وه، به‌ڵام دێشامپ گوێی نه‌دا سه‌رۆك كۆماری فه‌ڕه‌نسا و هه‌وادارانی ئه‌م یاریزانه و بۆ یاری كۆتایی بانگی نه‌كرده‌وه، ئه‌گه‌رچی بێنزێما پێش یاریی كۆتایی مۆندیالی به ته‌واوه‌تی له پێكانه‌كه‌ی چاكبووه‌وه، به گوێره‌ی میدیایه‌كان دیشامپ به ئه‌نقه‌ست تۆڵه‌ی مه‌راسیمی به‌خشینی باڵۆن دۆری له كه‌ریم كرده‌وه و ته‌نانه‌ت داوای له پزیشكانی هه‌ڵبژارده‌كه‌ی كرد ڕه‌وانه‌ی ئیسپانیای بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه بووه كه بێنزێما له كاتی وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه زیاتر سووپاسی ئانچیلۆتی و زیدانی كردووه و ناوی دیشامپی نه‌هێنا.
پاڤارد و تۆمه‌تی خیانه‌ت له هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ڕه‌نسا!
دوای ئه‌وه‌ی فه‌ڕه‌نسا له یه‌كه‌م یاری مۆندیال به بردنه‌وه‌ی 4 -1 له ئوسترالیا وه‌ك به‌ربژێری بردنه‌وه‌ی نازناوه‌كه ده‌ركه‌وت، دڵی هه‌وادارانی كه‌ڵه‌شێره‌كانی خۆش كرد. به‌ڵام زۆری نه‌خایاند روون بوویه‌وه دابه‌شبوونێك له‌ناو تیپه‌كه‌دا هه‌یه. له‌م كاته‌دا بێنیامین پاڤارد تۆمه‌تبار كرا به‌وه‌ی كه زانیاری تیمه‌كه‌ی به میدیاكان داوه.
ئه‌م یاریزانه، دوای یاری یه‌كه‌می فه‌ڕه‌نسا بۆ كورسی یه‌ده‌گ دوورخرایه‌وه و تا كۆتایی مۆندیال یاری نه‌كرده‌وه. پێش ده‌سپێكردنی یاری كۆتایی فه‌ڕه‌نسا به‌رامبه‌ر به ئارجێنتینا بوو كه بێنیامین پاڤارد له‌لایه‌ن به‌شێك له هاوڕێیهكانییهوه به‌وه تۆمه‌تبار كرا كه زانیاری داوه به رۆژنامه‌وانان. هه‌ڵسووكه‌وتی پاڤارد له‌ناو تیپه‌كه‌یدا دۆخێكی ژه‌هراوی دروست كرد و چه‌ندین جار كێشه‌ی نایه‌وه.
دانپێدانانه تاڵه‌كه‌ی دێشامپ دوای كۆتایی هاتنی مۆندیالی قه‌ته‌ر
دێشامپ گوتی: ئێمه له ئاستی یاری كۆتاییدا نه‌بووین، نامه‌وێت كێشه‌كه زیاتر بگه‌ڕێنمه‌وه سه‌ر تاكه یاریزانێك، به‌ڵكوو پێنج یاریزان له یاری كۆتاییدا له ئاستی خۆیاندا نه‌بوون. دێشامپ چه‌ند رۆژێك به‌ر له‌وه‌ی رایگه‌یاند تاكو ساڵی 2026 له پۆستی خۆیدا ده‌مێنێته‌وه. هه‌ڵبه‌ت راهێنه‌ری فه‌ڕه‌نسا ئاماژه‌ی به ناوی هیچ یاریزانێك نه‌كردووه، به‌ڵام پێده‌چێت مه‌به‌ستی جیرۆ و دێمبلی بووبێت كه له یاریگه زوو ئه‌و دوو یاریزانه‌ی هێنایه ده‌ره‌وه.
مباپێ، بۆ به‌رگریكردن له زێدان له دژی سه‌رۆكی تۆپی پێی وڵاته‌كه‌ی وه‌ستایه‌وه
لێدوانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا سەبارەت بە زیدان مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا. بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە زیزۆ به‌ربژێری هەڵبژاردەی فه‌ڕه‌نسا نه‌بووه‌و تەنانەت ئەگەر تەلەفۆنیشی كردبا، وەڵامی نه‌ده‌دایه‌وه! هەروەها سه‌رۆكی تۆپی پێی فه‌ره‌نسا له درێژەی لێدوانە سەیرەکانی دا گوتی: پێویسته هەڵمەتێکی تایبەت بۆ دۆزینەوەی تیپی داهاتووی زیدان ئەنجام بدرێت.
ئەم قسانه هه‌ر زوو کاردانەوەی کیلیان مباپێی به‌دوای خۆیدا هێنا. هێرشبەرەکەی پاریس کە پاڵپشتی زیدان دەکات، وتی زیدان واتا فه‌ڕه‌نسا، جەختی لەوە کردەوە کە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بێڕێزی پێ‌بکات.
دوابەدوای ئەم رووداوانە، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فەرەنسا ناچار بوو داوای لێبوردن بکات و لێدوانە مشتومڕاوییەکانی بە تەنها ههڵهلێكدرانهوه وه‌سف كرد و گوتی: دەمەوێت داوای لێبوردن بکەم لەسەر لێدوانەكانم کە بە هیچ شێوەیەک رەنگدانەوەی بیرکردنەوەکانم نییە.
ئه‌م داوای لێبوردنه به‌س نه‌بوو، له ئێستادا سه‌رۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێی فه‌ره‌نسا به‌هۆی بێرێزیكردن به زینه‌دین زیدان له پۆسته‌كه‌ی سڕ كرا.
ئا: محه‌مه‌د شه‌هدی