له‌ كه‌ركووك پارتی به‌رپرسی لقه‌كه‌ی ده‌گۆڕێت

پارتی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركووك
پارتی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ركووك

K24 – كه‌ركووك / هێمن ده‌لۆ:

به‌رپرسی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌ركووك ده‌گۆڕدرێت و وابڕیاره‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی داهاتوو محه‌ممه‌د كه‌مال وه‌ك به‌رپرسی نوێی لقی سێی پارتی له‌ كه‌ركووك ده‌ستبه‌كاربێت.

له‌درێژه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی ئۆرگانه‌كانی پارتی له‌ دوای كۆنگره‌ی 14ـی ئه‌و حزبه‌ كه‌ سه‌ره‌تای مانگی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022 له‌ شاری دهۆك به‌ڕێوه‌چوو، محه‌ممه‌د كه‌مال، له‌ شوێنی محه‌ممه‌د خورشید وه‌ك به‌رپرسی لقی سێی پارتی له‌ كه‌ركووك ده‌ستبه‌كارده‌بێت.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (12ـی كانوونی یه‌كه‌م/یه‌نایری 2023)، محه‌ممه‌د كه‌مال به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، له‌سه‌ر بڕیار و راسپارده‌ی سه‌رۆك بارزانی، هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ پۆستی به‌رپرسی لقی سێی پارتی له‌ كه‌ركووك ده‌ستبه‌كارده‌بێت.

به‌رپرسی نوێی لقی سێی پارتی له‌ كه‌ركووك جه‌ختی له‌سه‌ر خزمه‌تكردنی كه‌ركووك و كه‌ركووكییه‌كان كرده‌وه‌ و سەبارەت بەگەڕانەوەی بارەگای لق بۆ كەركووك ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، لەماوەیەكی نزیكدا دەگەڕێینەوە كەركووك و خزمەتی خەڵك دەكەین.

محەممەد كەمال لەساڵی 2010 تاوه‌كو 2017، بەرپرسی لقی سێی پارتی بووە لە كەركووك ، هه‌روه‌ها سەرۆكی لیستی برایەتی كەركووكیش بووە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك، دوای پێنج ساڵ جارێكی دیكە پۆستی بەرپرسی لقی سێی وه‌رده‌گرێته‌وه‌.

محه‌ممه‌د كه‌مال< به‌رپرسی نوێی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌ركووك
محه‌ممه‌د كه‌مال، به‌رپرسی نوێی لقی سێی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ كه‌ركووك