سعوودیه‌ ده‌یه‌وێت مێسی و كریستیانۆ له‌یه‌كتر نزیك بكاته‌وه‌

حکومەتی سعوودیە دەیەوێت لیۆنێل مێسی بگوازنەوە وڵاتەکەیان، له‌ پێناو بەدەستهێنانی مافی میوانداریی کردنی مۆندیالی 2030.

رۆژنامەی وەرزشی ئێلمۆندۆ دێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی ئاشکرای کردووە، دوای گواستنەوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ ریزەکانی یانەی نەسڕی سعوودیە، بەرپرسانی حکومەتی سعوودیە، پلانیان داناوە، بۆ ئەوەی ئەمجارەیان لیۆنێل مێسی ئەستێرەی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا رازی بکەن، بۆ ئەوەی هاوینی داهاتوو پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی هیلال بکات. سەرچاوەکە ئامانجی ئەو پرۆژەیەشی ئاشکرا کردووە، ئەویش ئەوەیە حکومەتی ئەم وڵاتە، دەیەوێت بە گواستنەوەی لیۆ، چاوی جیهان زیاتر بخاتە سەر وڵاتەکەیان، بۆ ئەوەی بتوانن لە ساڵی 2030، مافی میوانداریەتی مۆندیال بەدەست بێنن.

رۆژنامەی کەتەلۆنیەکە ئاشکراشی کردووە، بەرپرسانی سعوودی ئامادەن لە پێناو گواستنەوەی لیۆنێل مێسی بۆ وڵاتەکەیان، مووچەیەکی زیاتر لە کریستیانۆ رۆناڵدۆی پێبدەن، مووچەکەش ساڵانە 300 ملیۆن یۆرۆیە.