وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان: یه‌كه‌م كاروانی نه‌وتی سپی له‌ به‌غداوه‌ گه‌یشته‌ هه‌رێمی كوردستان

"له‌سه‌ر داوای مه‌سرور بارزانی، ئه‌و نه‌وته‌ی به‌سه‌ر هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان دابه‌شده‌كرێت، هه‌رزان كرا"
ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی ده‌كرێت
ده‌ست به‌ دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی ده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتنی یه‌كه‌م كاروانی نه‌وتی سپی له‌لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان راگه‌یاند، ئه‌مه‌ش دوای رۆژێك دێت له‌سه‌ردانه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی بۆ به‌غدا.

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ (12ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی له‌باره‌ی گه‌یشتنی یه‌كه‌م كاروانی نه‌وتی سپی بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراقه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، پاش سەردانەكەی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری لە 11ی ئەم مانگە بۆ بەغدا، كە چەندین بابەتی تایبەت بە كێشە هەڵپەسێردراوەكان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا، تەوەرێكی ئەم گفتوگۆیانە تایبەت بوو بەدابینكردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان.

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، له‌و سه‌ردانه‌دا، تواندرا بڕی 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی كوردستان تەرخانبكرێت، كە پێشتر نرخی هەر لیترێك نەوتی سپی بە 750 دینار دەستنیشان كرابوو، به‌ڵام سەرۆكی حكومەت لەو سەردانەیدا داوایكرد ئەم نرخە بۆ هاووڵاتییان كەمبكرێتەوە.

به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌سه‌ر داوای سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، وەزارەتی نەوتی عێراق رازی بوو ئەم نرخە بۆ 500 دینار بۆ هەر لیترێك كەمبكاتەوە و هه‌ر ئه‌مڕۆ یەكەم كاروانی نەوتی سپی گەیشتە هه‌ولێر.

وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ئاشكراشیكردووه‌، ئەم بڕە نەوتە بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و ئیدارە سەربەخۆكان و ناوچە جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان بەهەمان نرخی دابینكراو دابەشده‌كات.